بافڵ تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی کەنەدا: چالاکییە سیاسییەکانمان لە بەغداد زیاتر دەکەین

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان، لە شاری سلێمانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد و ڕایگەیاند، بەغداد بۆ یەکێتی گرنگی سیاسی هەیە و لە هەرێمیش هەوڵەکانیان بەردەوامە دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەبڕین.

لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئولریک شانۆن، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق، چەند تەوەرێکیان لەوانە پرسی هەڵبژاردن و ئازادی ڕادەبڕین تاوتوێکرد.

لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامی سەردانەکەی وەفدی باڵای یەکێتی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، هێز و لایەنە سیاسییەکان و باڵیۆز و دیپلۆماتکاران. ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق، یەکڕیزی ماڵی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێم تاوتوێکران.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆئەوەکرد بەغداد گرنگی سیاسیی خۆی هەیە و چالاکییە دیبلۆماسییەکانمان لەناوەند زیاتر دەکەین و لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ بەدەستھێنانی مافەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان. لەگەڵ دۆستەکانمان لە پەیوەندیدا دەبین و هەر هێز و لایەنێکیش ویستی چاکسازی هەبێت و بڕوای بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەبێت پێشوازی لێدەکەین. دەبێت چارەسەری ریشەیی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزینەوە و هەمووان پێکەوە عێراق بەرەو کەناری ئارامی ببەین، ئەمەش پێویستی بە کۆدەنگی و یەکڕیزی سەرجەم لایەنەکانە.

سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ھاوسەرۆک رایگەیاند، بەڕاشکاوی بە ھەموولایەکمان راگەیاندووە لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین لەکات و ساتی خۆیدا و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت لەپێناو سەقامگیری سیاسی و زاڵبوون بەسەر ناکۆکییەکاندا.

لەتەوەرێکی تری دیدارەکە گفتوگۆ لەبارەی ئازادی رادەربڕین و سزادانی سیاسی و دەستگیرکردنی گەنجەکانی بادینانەوە کرا و بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، ئەدەبیاتی یەکێتی خاڵییە لە سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین و بەھەمووشێوەیەکیش دژی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و دانانی بەربەستین لەبەردەم کاری میدیایی. باوەڕی نەگۆڕمان بەوەیە زەمینەی لەبار بڕەخسێنرێت بۆ میدیاکاران تاوەکو پیشەییانە کاری خۆیان بکەن و سنوورەکانی ئازادی کەسی نەبەزێنرێت، چونکە یەکێک لەکۆڵەکەکانی پێشخستنی دیموکراسی ھەرێمی کوردستان ئازادی بیروڕا و هەبوونی میدیای سەربەخۆ و ئازادە.

 

 

 

بابەتی پێشتر

لە ئەسفهان بە زمانی کوردی پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵی هەرێم کرا

بابەتی دواتر

ئیمارات بە کوشتنی ئەفسەرە کوردەکە تۆمەتبار دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share