ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بۆ سێهەمین رۆژی لەسەریەک بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێزەکانمان بۆ سێهەمین رۆژی لەسەریەک بەردەوامن لە بەرخۆدانیان بەرامبەر ئەو دەستدرێژییەی کە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشقەوە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب دەستیپێکرد، سەرەڕای تۆپبارانی دڕندانە و چڕ لەلایەن تانک و تۆپخانەکانەوە بۆ سەر ناوچە چڕەکانی نیشتەجێبوون.

دەشڵێت، لەئێستادا لە دەوروبەری یەکەمین بازنەی گەڕەکی ئەشرەفییە، پێکدادانێکی توند روودەدات و هێزەکانمان بەشێوەیەکی رێک و پێک بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەو.

ئاماژە بەوەشدەکات، “هێرشکارەکان بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی بە ئەنقەست بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە و ژێرخانی مەدەنی دەکەنە ئامانج. دووجار نەخۆشخانەی خالید فەجر کراوەتە ئامانج، جگە لە ناوچە چڕەکانی نیشتەجێبوون، کە لە ئەنجامدا وێرانکارییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە و هەواڵەکان باس لەوەدەکەن، کە ژمارەیەک هاوڵاتیی مەدەنی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا گیریانخواردووە کە بەهۆی تۆپبارانەکانەوە وێران بوون”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم هێرشانە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکی مەدەنی دروستدەکات و کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکە قووڵتردەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە چالاکییە درۆنییەکان گەمارۆی سەر ئەو دوو گەڕەکە، زیادیانکردووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share