مانچستەر سیتی لوتکەی پریمەرلیگی لە ئارسیناڵ بردەوە

ئەمشەو، شەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی پێنجەمی خولی نایابی ئینگلیزی، یانەی مانچستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری ئارسیناڵی کرد و یانەی خانەخوێ بردنەوەی تۆمارکرد. 

لە تایمی یەکەمدا ئەستێرەکانی سیتیزن و گواردیۆلای مامۆستا بەهێزەوە دەرکەوتن، لە خولەکی 23 بە پێیەکانی ڕەحیم ستێرلینگ گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنیان تۆمارکرد.

لەو تایمەدا یاریزانانی مایکڵ ئارتێتای خوێندکار هەوڵی بێوچانیاندا ئەنجامەکە هاوتابکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئەو تایمەش بە گۆڵێکی بێوەڵام کۆتاییهات.

لە تایمی دووەمدا شێوازی هەردوو یانە نزیکی یەکدی بوو، هێرشی بەردەوامیان دەکردە سەر گۆڵەکانی ئیدێرسۆن و بێرند لینۆ، بەڵام لە ڕووی بەرگرییەوە هەردوو یانە ڕێڕەوی تۆمارکردنی گۆڵیان بەتەواوی داخستبوو، بۆیە هیچ یەکێک لە هێرشبەران سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی دیکە و یاری لوتکەی هەفتەی پێنج بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام لە بەرژەوەندی مانچستەر سیتی کۆتاییهات.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، مانچستەر سیتی بە حەوت خاڵەوە لە پلەی دەیەمی ڕیزبەندی یانەکانی پریمەرلیگ خۆیگرتەوە، هەروەها ئارسیناڵ لە پلەی پێنجەمدا بە نۆ خاڵەوە بە شێوەیەکی کاتیی جێگیربوو.

بابەتی پێشتر

قادیش ڕیاڵ مەدریدی دووچاری یەکەم دۆڕاندنی وەرز کرد

بابەتی دواتر

گرنگیدان بە وەرزشى بالە لەناو کچاندا پەرەیسەندووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share