شاندی هاوبەشی هەرێم و عێراق ئەمڕۆ دەچێتە ناوچە سنوورییەکان

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەیەکی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، لەسەر بەردەوامیی ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و هێرشەكەی سەرهێزەكانی زێرەڤانی لە چیای مەتین، سەردانی ناوچە سنوورییەكان بکەن.

جەمال حەوێز، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لیژنەكەی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ، بەهاوبەشی لەگەڵ لیژنەیەكی حەوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی ناوچە سنوورییەكان دەكەین”.

وتیشی، “لەسەر ئەو لەشكركێشییانەی سوپای توركیا ئەنجامیداوە، هەروەها بڕینەوەی دار و ئەو زیانانەی بەر ڕەز و باخی هاوڵاتییان كەوتووە لەو ناوچانە، بەدواداچوون دەكەین و ڕاپۆرتێكی هاوبەش ئامادەدەكەین، دواتریش ڕاپۆرتەكە دەدەینە پەرلەمانەكانی كوردستان و عێراق”.

جەمال حەوێز ڕونیشیكردەوە ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری دهۆك، بە مەیدانی دەچنە ئەو ناوچانە و خەڵكی مەدەنی دەبینن و ئەوەی پێیان بكرێت بۆ دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكە دەیكەن.

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر پێشمەرگە یەکێکە لە مەبەستەكانی سەردانی لیژنەکە، جگە لەوە، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا و سروشتی هەرێمی کوردستان، بڕینەوەی درەخت و چۆڵبوونی گوندەکان بەهۆی لەشکرکێشیی تورکیا، ئامانجی لیژنەکە دەبێت.

پێشتریش ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، كە بەهەمانشێوە ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەیە لە پەرلەمان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وتبوو، کاری لیژنەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بۆ چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو هێرشەی کرایە سەر پێشمەرگە، هەروەها ئەوانەی لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوە بوون، “چونکە ئێمە تەنها ئەو زانیارییەمان لەبەردەستدایە کە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە پەکەکە هێرشەکەی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئێمە وەکو پەرلەمان دەبێت خۆمان بەدواداچوون بکەین و ئەنجامەکان بێتەوە بەردەستمان”.

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، مەبەستی لیژنەکە و ئامانجی سەردانەکەشی ڕێگریکردنە لە دووبارە دروستبوونەوەی شەڕی براکوژی و شەڕی کورد دژی کورد، هەروەها بەدواداچوونە بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا لەو ناوچانە.

سەبارەت بەوەی ئایا پەرلەمانی کوردستان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە سەبارەت بەوەی هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە وتی، “پەرلەمان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە نییە، چونکە ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن، بەڵام لە هەموو ڕووداوێکی لەوشێوەیەدا پێویستە پەرلەمانی کوردستان خۆی لیژنەی هەبێت و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ بکات”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵی چارەسەرکردنی کەمئاویی ڕووباری سیروان و زێی بچوک دەدات

بابەتی دواتر

دەقی دوو گۆرانیی کوردی کە 111 ساڵ پێش ئێستا لە ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانیدا بڵاوکراوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازارەكانی جیهاندا بە بەرزی ماوەتەوە و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە سەروو…
Total
0
Share