وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد سێ کەسیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکردووە، کە یەكێكیان تۆمەتباربووە بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دووانیشیان مامەڵەیان بە دراوی ساختەوە كردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، دەزگای ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانەکانی بەغداد توانیویانە لە هەرێمی کوردستان سێ تۆمەتبار بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ساختەکردنی دراو دەستگیربكەن، “یەکێک لەو تۆمەتبارانە بازرگانیی بە کچانی منداڵەوە کردووە”.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، “دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەستگەیشت چەند تۆمەتبارێک لە هەرێمی کوردستان بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و دۆلاری ئەمریکی لە جۆری 50 دۆلاریی ساختەکراو دەفرۆشن، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی بەغداد چالاکییەکی بۆ دەستگیرکردنیان ئەنجامدا.
یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کچانی منداڵ دەستگیرکراوە و دووانیشیان لەکاتی ساغکردنەوەی بڕی 100 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا، لەکاتی تاوانەکەدا دەستگیرکراون.
دوای دەستگیرکردنیان، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبێت.