ئەمڕۆ لیژنەیەکی عێراق و هەرێم دەچنە ناوچە سنوورییەکان

بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هێرشەكەی سەر هێزەكانی زێرەڤانی لە چیای مەتین، بڕیارە لیژنەیەکی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و پەرلەمانی کوردستان سەردانی ناوچە سنوورییەكان بکەن.

لەبارەی سەردانی لیژنەكەوە، باڵانبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەو لیژنەیەی پێکدەهێنرێت چەند ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی تێدایە، ئەوانی دیکەی لیژنەیەکن لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی حکومەتی عێراقەوە دێن، کاری ئەو لیژنەیە بەدواداچوونە بۆ سەرجەم ڕووداو و ئاڵۆزییەکانی ناوچە سنورییەکان.

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، هێرشەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سەر پێشمەرگە یەکێکە لە مەبەستەكانی سەردانی لیژنەکە، جگە لەوە، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا و سروشتی هەرێمی کوردستان، بڕینەوەی درەخت و چۆڵبوونی گوندەکان بەهۆی لەشکرکێشیی تورکیا، ئامانجی لیژنەکە دەبێت.

سەبارەت بە لایەنی ئەنجامدەری هێرشی سەر پێشمەرگەکانی زێرەڤانی و شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە، ئەندامەکەی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت، “لایەنی فەرمی و پەیوەندیدار بە ڕووداوەکە، کە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمن، یەکلاییان کردووەتەوە پەکەکە ئەو هێرشەی ئەنجامداوە و ئێمەش قسەی لایەنە فەرمییەکان وەردەگرین”.

لای خۆیەوە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، كە بەهەمانشێوە ئەندامی لیژنەی پێشمەرگەیە لە پەرلەمان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، کاری لیژنەکە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە بۆ چۆنێتیی ئەنجامدانی ئەو هێرشەی کرایە سەر پێشمەرگە، هەروەها ئەوانەی لەپشت ئەنجامدانی هێرشەکەوە بوون، “چونکە ئێمە تەنها ئەو زانیارییەمان لەبەردەستدایە کە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندووە پەکەکە هێرشەکەی ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئێمە وەکو پەرلەمان دەبێت خۆمان بەدواداچوون بکەین و ئەنجامەکان بێتەوە بەردەستمان”.

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، مەبەستی لیژنەکە و ئامانجی سەردانەکەشی ڕێگریکردنە لە دووبارە دروستبوونەوەی شەڕی براکوژی و شەڕی کورد دژی کورد، هەروەها بەدواداچوونە بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا لەو ناوچانە.

سەبارەت بەوەی ئایا پەرلەمانی کوردستان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە سەبارەت بەوەی هێرشەکە لەلایەن پەکەکەوە ئەنجامدراوە وتی، “پەرلەمان گومانی لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە نییە، چونکە ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن، بەڵام لە هەموو ڕووداوێکی لەوشێوەیەدا پێویستە پەرلەمانی کوردستان خۆی لیژنەی هەبێت و بەدواداچوونی مەیدانی بۆ بکات”.

بابەتی پێشتر

حکومەتی سوریا لەبارەی سەردانی شاندێكی هۆڵەندی و فەرەنسی بۆ ڕۆژئاوا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم بۆ سێ زۆنی سەوزایی لە سلێمانی زیاتر لە 4 ملیار دیناری خەرجکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share