ئەمڕۆ 6ی حوزەیران، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە حوکمی و حزبییەکان و سەرۆکی هاوپەیمێنێتییەکان ئەنجامدا و پرسی هەڵبژاردنەکان و جێبەجێکردنی یاسای بودجە و دۆخی ئێستای عێراق لە دیدارەکاندا تاوتووێکرا.
لەگەڵ کازمی باس لە یاسای بودجە و پشکی هەرێم کرا
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان و رێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کۆدەنگی هێز و لایەنەکان کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق كە ماندووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانن و ئەرکی هەموومانە لەوپێناوەدا هەوڵبدەین.
هەر ئەمڕۆ هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغداد کۆبوویەوە و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆکرا.
گفتوگۆ و دیالۆگ بژاردەی چارەسەر بێت
لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە بەھێزکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاوڵاتیان و موچەخۆران و ھێنانەکایەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێ جیاوازی.
لە درێژەی دیدار و گفتوگۆکاندا لەگەڵ بەرپرسە حزبی و هاوپەیمانێتییەکان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کۆبوووە.
یەکێتی لەگەڵ چارەسەری کێشەکانە
لەکۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەیبوون گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەسەر دۆخی گشتی و پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان کرا و کێشەکانی ھەرێم و عێراق و بونیادنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانەی نیشتمانی و زاڵبوون بەسەر کێشە و ناکۆکییەکان تاوتوێکران.
بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی تەئکیدکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و قەیرانەکان.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ عەمار حەکیم سهرۆكی رهوتی حیكمهی نیشتمانی کۆبووە و بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردوە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی گرفت و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ئاماژەی بە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی کرد لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان.
یەکێتی پەیوەندییە مێژووییەکەی لەگەڵ لایەنەکان پەرەپێدەدات
ھەر لەدیدارەکەدا ھەردوولا تەئکیدیانکردەوە لەپەرەپێدانی پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوانیان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و سەقامگیری زیاتر لەناوچەکە.
ئێوارەی ئەمڕۆ زینجیرە کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی هاوپەیمانێتییەکان بەردەوامی هەبوو، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ شاندی یەکێتی چاویان کەوت بە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئایندەی عێراق و هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
فەتح: سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی گرنگە
دوای کۆبوونەوەکە ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی هاوپەیمانیی فەتح ڕایدەگەیاند، سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ وەفدێكی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بۆ بەغداد سەردانێكی گرنگ بوو، لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە، كە لایەنەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی دەستیان پێكردووە.