ئەو لیژنە پەرلەمانییەی كوردستان كە سەردانی شوێنی هێرشەكەی سەر پێشمەرگەكانی زێرەڤانی دەكات، كار بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری هێرشەكە ناكات، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەبارەی ئامانجی هێرشەكەوە دەڵێت، “نامانەوێت جارێکی دیکە یەکترکوژی لەنێوان کورددا ڕووبدات”.
لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە وتی، “لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دوێنێی سەر پێشمەرگەکان پێکدەهێنین، لیژنەكەش تەنها لە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لیژنەیەکی پەرلەمانی لە بەغدادیشەوە دێنە هەرێمی کوردستان”.
بڕیارە سبەینێ لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بگەنە هەولێر و لەگەڵ چەند ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ لێکۆڵینەوە بچنە شوێنی ڕووداوەکە.
سەبارەت بە ئامانجی لێکۆڵینەوەکان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە ڕایگەیاند، “ئامانجمان زانینی زیانەکان و وردەکاریی هێرشەکەی دوێنێ و کۆی ئەو هێرش و ئاڵۆزییانەیە، کە لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا دروستبوون”.
چاوەڕواندەكرا ئامانجی كاری ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوە بێت لە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكە، بەڵام “بەپێی ئەو سەرچاوانەی هێزی زێرەڤانی کە لە ناوچەکەدان، ئەوە یەکلاییدەکەنەوە، کە هێرشەکە لەلایەن پەکەکە و بە چەکی میلان ئەنجامدراوە”، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە وایوت، لەكاتێكدا پەكەكە ڕەتیدەكاتەوە گەریلا ئەو هێرشەی بۆسەر پێشمەرگە ئەنجامدابێت.
عوسمان کەریم سوارە، هەرێمی کوردستانی بە زەرەرمەندی یەکەم ناوبرد، کە “بەهۆی ئەو کێشانەوە خاک و گوندەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و ئێستا سروشت و درەختەکانیش، کە بابەتێکی کەمتر نین لەوانی دیکە، ڕوبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە”.