وەزیری کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا وێستگەی غازی گەرمیان و لە کۆتایی ئەمساڵیشدا وێستگەی 37 مێگاواتی دێرەلۆک دەخرێتەگەڕ و کاریگەری دەبێت لەسەر بڕی کارەبای بە دەستهاتوو.
لەکاتی دانانی گۆڕەڕ بۆ 10وێستگەی کارەبا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا ڕایگەیاند، ” خۆشحاڵین کە،بەبڕی دوو ملیار و 728 هەزار دینار گۆڕەر بۆ 10 وێستگەی كارەبا دادەنرێت”.
وەزیری کارەبا سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەتەکەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕایگەیاند، “لە گەرمیان وێستگەیەكی 25 مێگاواتی لەساڵح ئاغا و گۆڕینی هێڵی كفری كەلار و دابینكردنی هێڵێكی 33 كەی ڤی لەگەرمیان و لەسلێمانی 4 وێستگەی مۆبایلی كارەبا، بۆ عەربەت و 3 دانەی دیكە بۆ ناو سلێمانی دابین كراوە، لەئێستاشدا 2 پرۆژەی مەزن لەبواری گواستنەوە ئیحالە كراوە كە بریتی یە لە هێڵی 132 كەی ڤی بازیان بۆ راپەرین و سەید سادق بۆ تانجەرۆو هەڵەبجە”.
کەمال محەمەد زیاتر باسی کار و چالاکییەکانی وەزارەتی کارەبای کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “لە دابەشكردنی كارەبادا کاری بەرچاو کراوە لەوانە تەواوكردن و بەگەڕخستنی چەندین وێستگەی گۆڕینی كارەبا و بەستنەوەیان بەتۆڕی كارەبای نیشتمانییەوە، ڕاكێشانی سەدان كیلۆمەتر تۆڕی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرز لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان و بەستنی زیاتر لە 680 هەزار پێوەری زیرەك و بەگەڕخراون، تەنیا لەبواری دابەشكردندا زیاتر لە 450 پرۆژە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە بەبەهای 60 ملیار دینار”.