دواكەوتنی دابەشكردنی موچەی مانگی ئایاری ڕابردوو تائێستا بەردەوامە، سەرچاوە ئاگادارەكان ڕای جۆراوجۆریان لەبارەی هۆكاری بنەڕەتیی كێشەكە هەیە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژی مانگی حوزەیران، هێشتا موچەی مانگی ڕابردووی تەنها چوار وەزارەت و ژمارەیەك فەرمانگەی هەرێم دابەشكراون، ئەگەر دابەشكردن بەم جۆرەی ئێستا بڕوات، موچەی وەزارەت و فەرمانگەكانی دیكە ماوەیەكی زیاتری پێدەچێت.
سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دابەشكردنی موچە بۆ ئەم مانگە (موچەی مانگی پێنج) بەمشێوازەی ئێستا بەردەوام دەبێت و موچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دەدرێت.
ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتیشی، “داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە، بەهەمان شێوە داهاتی هەولێر و دهۆك بە تەواوی نەچووەتە بەردەست وەزارەتی دارایی و ئەمەش سەرچاوەیەكی كێشەی موچەیە لەم مانگەدا”.
دوپاتیشیكردەوە، “هۆكاری سەرەكیی گرفتەكە كێشەی سیاسییە و تائێستا چارەسەرنەكراوە”.
لای خۆیەوە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوریی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، گرفتی دواكەوتنی موچە وەك ئەوەی حكومەت ڕایگەیاندووە، هۆكارەكەی كێشەیە لە تەكنیكی هاتنی پارەی فرۆشتنی نەوت، ئەمەش لەكاتێكدایە وەك زانراوە سەرچاوەی گەورەی داهات لە هەرێمی كوردستان فرۆشتنی نەوتە، هەر گرفتێك تیایدا كێشە دروستدەكات.
وتیشی، “من پێموانییە دواكەوتنەكە پەیوەندی بە داهاتی ناوخۆوە هەبێت، بەهۆی ئەوەی تا دوێنێش پارەی نەوت نەخرابووە سەر حسابی وەزارەتی دارایی”.
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەكەن داهاتی سلێمانی بە تەواوی نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دارایی و ئەوەش هۆكاری كێشەكەیە، زیاد جەبار ئەو لێدوانانەی بە “جۆرێك لە چەواشەكاری” ناوبرد و وتی، “گریمان لە كۆی داهاتی سلێمانی بۆ موچە 50 ملیار دیناری نەگەڕابووەوە، ئایا ئەو بڕە پارەیە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم حكومەتی هەرێم بۆ خەرجكردنی موچە، لەكاتێكدا لەئێستادا دابەشكردنی موچە لە هەرێم بە لێبڕینیشەوە 700 ملیار دیناری پێویستە؟”.
سەرۆكی لیژنەی دارایی دوپاتیشیكردەوە، داهاتی سلێمانی تەنها ئەو بڕە نییە كە بۆ موچە تەرخان دەكرێت، بەڵكو بە بڕیاری خودی وەزارەتی دارایی، بەشێك لە داهاتی شارەكە بۆ بەكارخستنیش خەرجدەكرێت.
دەربارەی گرفتی موچە، چوارشەممەی ڕابردوو 26ی ئایار جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “گرفتێك لە موچە ڕویداوە كە دەگمەنە، دڵنیایی دەدەین لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە و سەرجەم موچەخۆران دڵنیادەكەینەوە لەماوەیەكی زۆر كورتدا موچەكانیان وەردەگرن”.