هەمواری دەستوری عێراق بۆ خولی داهاتوو دوادەخرێت

ڕادەستی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت

لیژنەی هەمواری دەستوری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕاپۆرتی تایبەت بە هەمواری دەستور بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دوادەخات.

یونادم یوسف كنا، سەرۆكی لیژنەی هەمواری دەستور سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی هەمواری دەستور تائێستا تەواونەبووە، بۆیە ڕاپۆرتەكە بە سەرجەم ماددەكانیەوە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوادەخرێت.

دەربارەی پرسی هەڵبژاردن و ئەگەرەكانی دواخستنیی یوسف كنا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، “هەڵبژاردن دواناخرێت” ئاماژەی بەوەشكرد، باسكردن لەو پرسە تەنها “تێڕوانینی هەندێك لایەنی پەرلەمانییە”.

لە هەمان كاتدا باسی لەوەكرد ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لەئارادا دەبێت “ئەگەر دۆخێكی كارەساتبار و بارێكی دژوار لەئارادابێت، وەك ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە ببێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە ناوچەكەدا، بەڵام ئەوە ڕوونادات”.

هەمواری دەستوری عێراق پڕۆژەیەكی تەواوە و لە سەرەتاوە تا دوا دەق دەگرێتەوە.

لەنێو ئەو دەقانەی هەمواركردنیان تاوتوێدەكرێن، دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەن، لیژنەكە لەوەی دووەمیاندا دوو پێشنیاری خستووەتەڕوو، یەكەمیان بۆ هەر 100 هەزار دەنگدەرێك پەرلەمانتارێك دەستنیشان بكرێت، نەك بۆ هەر 100 هەزار كەس لە دانیشتوان، ئەمەش ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ نزیكەی 175 كەمدەكاتەوە لەجیاتی 329 پەرلەمانتاری ئێستا. پێشنیاری دووەمیش ئەوەیە بۆ هەر 250 هەزار دانیشتوان پەرلەمانتارێك هەبێت.

هەروەها دەربارەی مەرجەكانی خۆپاڵاوتن، پێكهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و پێكهێنانی حكومەت لەڕێی حزب یان فراكسیۆنی براوەوە، چەند پێشنیارێك خراونەتەڕوو.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. مێردمنداڵێك بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

بابەتی دواتر

بە چەند كاتژمێرێك پاش نقومبوونی كەشتییە ئێرانییەكە.. ئاگر لە پاڵاوتگەیەك كەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share