ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێك لە لایەنەكان بە هەوڵدان بۆ پەكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە تۆمەتباردەكات و دەشڵێت، “ڕەنگە نەتوانین تا 10 ساڵی دیكە هەڵبژاردن ئەنجام بدەین”.
ئاماژەی بەوەشدا كە هەندێك لایەنی سیاسیی هەوڵ دەدەن ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەكبخەن و لەئێستادا ناكۆكیی و ململانێ لەسەر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیە.
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی ڕابردووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، پەسەند نەكراوە.
پێشتر مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد و بەڵێنی ئەوەیدا كاربكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.