لەگەڵ گەیشتنی وەزیری دەرەوەی فەڵەستین، نامەیەکی دەستنوسی مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین گەیەندرایە دەستی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، ناوەڕۆکی نامەکە سوپاسی فەڵەستینییەکانە بۆ پشتگیریی عێراقییەکان لە شەڕی 11 ڕۆژەی ئەم دواییەدا.
دوێنێ 23ی ئایار ڕیاز مالکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین گەیشتە بەغدادی پایتەختی عێراق و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.
لە نامەکەدا مەحمود عەباس، سوپاسی هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی عێراق و خەڵکی وڵاتەكەی کردووە بۆ پشتگیرییكردنیان لەمیانی پێكدادانەكانی ئەمدواییەی غەززە.
نوسینگەی بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە، لە بەشێکی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردوەتەوە لەسەر “هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە دۆزی فەڵەستین و وەستانی شانبەشانی گەلی فەڵەستین بۆ ھێنانەدیی داواکاری و مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە گرنگیی هەماهەنگی و هاریکاری لە سەرجەم ئاستەکان بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکان و پاراستنی مافی گەلی فەڵەستین و ڕێگریکردن لەو دەستدرێژییانەی ڕوبەڕووی دەبێتەوە”.
ڕیاز مالکی، وەزیری دەرەوەی فەڵەستین سوپاسی حکومەت و بەرپرسانی عێراقی کردووە سەبارەت بە هەڵوێستیان لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.