ئەمڕۆ 23ی ئایار، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کۆبوویەوە و چەند پرسێکی پەیوەست بە دەستور و پەیوەندی هەرێم و بەغدادیان تاوتووێکرد.
لەدیدارێکدا لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان بافڵ تاڵەبانی رۆشنایی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ھەڵوێست و بۆچوونی یەکێتی خستەڕوو. جەختیشی لەدۆزینەوەی رێگاچارەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و دەستوور.
ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی، یەکڕیزی و رێکخستنەوەی ماڵی کورد و ئاراستەکردنی سیاسەتێکی نیشتمانی کوردانە لەبەغدا لەچوارچێوەی یەک لۆبی کوردی، ستراتیژی یەکێتی ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، ئەگەر بمانەوێت پێگە و رۆڵی کورد لەناوەند بە بەھێزی بھێڵینەوە و وەک رابردوو خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشەکان و پرسەکان بین، بێگومان پێویستمان بە بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی ھەیە کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوون و رەنگەجیاوازەکان بێت کە بۆ ئەم قۆناغە ئەمە فاکتەری گەیشتنە بەمافەکانمان، خۆبەزلزانی و دورکەوتنەمان لە بەغدا نەک داواکانمان جێبەجێ ناکرێن، بەڵکو گەلەکەشمان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و ھەرێمەکەشمان بچووک دەکەینەوە.
سەبارەت بەپرسی دەستوور بافڵ تاڵەبانی بەڕاشکاوی بڕیار و سەرنجی یەکێتی خستەڕوو وتویەتی، لەگەڵ دەستوورێکی گەل پەسەندین و رێگەنادەین ئەم بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییە بەزۆرینە و کەمینە تێبپەڕێندرێت، بەڵکو کار بۆ نووسینەوەی دەستوورێک دەکەین کە لەخزمەت کۆمەڵانی خەڵک و پێشخستنی ھەرێمەکەمان بێت نەوەک لەخزمەت حزب و تاکەکەسێکدا.