لە هەنگاوی یەكەمدا زیاتر لە 100 هەزار نەمام لە شاخی گۆیژە دەڕوێنرێت

هەڵمەتی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لە سلێمانی دەستپێدەكات، بەرپرسانی ئیدارەی خۆجێیی شارەكەش دەڵێن، لە هەنگاوی یەكەمدا زیاتر لە 100 هەزار نەمام دەڕوێنرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەكەم بە ئامادەبوونی ئاوات محەمەد، قایمقامی قەزای مەڵبەند و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و نوێنەری ژمارەیەك كۆمپانیای كەرتی تایبەت سەردانی شاخی گۆیژەیان كرد.

لە وتەیەكیشدا بۆ ڕۆژنامەنوسان هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی، پڕۆژەی سەوزكردنی شاخەكە لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانی و پارێزگای سلێمانییەوە بە پشتیوانیی ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت ئەنجامدەدرێت.

سوپاسی هەموو ئەوانەشی كرد كە لە ئەنجامدانی پڕۆژەكەدا پشتیوان و نەخشەداڕێژەر بوون.

پڕۆژەی چاندنی نەمام و سەوزكردنی شەقامی گۆیژە لەلایەن كۆمپانیاكانی (ئاسیاسێڵ، قەیوان، تانوپۆ، دەروازە و ماس)ەوە ئەنجامدەدرێت، ڕێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت بەشێكی جێبەجێكردنی لەئەستۆگرتووە، وەك ئەوەی پارێزگاری سلێمانی باسیكرد.

داواشی لە هاوڵاتییان و میوانانی شارەكە كرد، ناوچەكە بپارێزن لە سوتاندن و پیسكردنی لەڕووی ژینگەییەوە.


لای خۆیەوە ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەكە لە هەنگاوی یەكەمدا بریتییە لە 100 هەزار نەمام و ڕووبەری 700 دۆنم دەگرێتەوە.ئەوەشی ڕوونكردەوە، لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانییەوە ماستەرپلان دانراوە بۆ ئەوەی شاخی گۆیژە بكرێتە ناوچەیەكی گەشتیاری و بە ئومێدی ئەوەین بتوانرێت بەزوویی ئەو پڕۆژەیەش جێبەجێبكرێت.ئاوات محەمەد وتیشی، پاراستنی شاخەكە و هێشتنەوەی سەوزایی و پاكڕاگرتنی ئەركی هەموو لایەكمانە.
بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان: گۆڕانی ئاووهەوا بووەتەهۆی زیادبوونی كارەساتە سروشتییەكان

بابەتی دواتر

وەزیری پلاندانان داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات پرۆژەكانیان لەدەرەوەی كامپەكانیش جێبەجێبكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share