شاندێكی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، دەیەوێت یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكان دژ بە هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان بێنێتە ئاراوە.
میدیاكانی نزیكە لە پەكەكە بڵاویانكردەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شاندێكی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – كەنەكە سەردانی باشووری کوردستان بكات، زەینەب موڕاد هاوسەرۆکی کەنەکە سەرۆکایەتیی شاندەكە دەكات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دیدار و کۆبوونەوەکانیان دەکەن.
شاندەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراو و توێژە جیاجیاكانی باشووری کوردستان كۆدەبێتەوە، هێرشەكانی توركیا تەوەری سەرەكیی گفتوگۆكان دەبێت، كەنەكە مەبەستیەتی یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەكانی باشوور لەبارەی ئەو هێرشانەوە بەدیبێت، بەتایبەت دوای فراوانتربوونی هێرشەكانی توركیا بۆسەر ناوچەكانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین.
میدیاكانی پەكەكە وا وەسفی سەردانەكەیان كردووە، كە “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کەنەکەدا دەبێت بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کورد”، هیچ ئاماچەیەكیش بەو لایەن و بەرپرسانەی هەرێم نەكراوە كە شاندەكە لەگەڵیان كۆدەبێتەوە.
پێشتریش و لە سەرەتای دەستپێكی هێرشەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان و هەروەها مەترسییەكانی ئەگەری دروستبوونی گرژی لەنێوان پەكەكە و پارتی، شاندێكی دیكەی كەنەكە بە سەرۆكایەتیی مستەفا قەرەسووسەردانی باشووری كوردستانی كرد، لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، داوای یەكڕیزیی لایەنەكانی كرد، دژایەتییكردنی ئەگەری شەڕی كورد-كوردیان دووپاتكردەوە.