وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ بەسەر كردەوە و ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق هاتووەتە ئاراوە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەمڕۆ پێنجشەممە شۆڕش ئیسماعیل ، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی جەژندا سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە رۆژهەڵاتی موسڵ کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پشمەرگە کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ” وەزارەتی پێشمەرگە هەموو پاڵپشتی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازی و لۆجیستی بۆ رووبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و تێکشکاندن و لە ناوبردنیان.”
وەزیری پێشمەرگە جەختیشی لەوەکردەوە، ” دۆخی ئێستا وادەخوازێت هەموان هاوکار و هەماهەنگی پێشمەرگە بن، بۆ ئەوەش داوایکرد پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی و سەربازی هەمەلایەنەی پێشمەرگە بکرێت.
شۆڕش ئیسماعیل باسیلەوەشكرد، کە ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق هاتۆتە ئاراوە، جێی بایەخە و هیواخوازن بگاتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و کۆنکریتی، کە زامنی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و تێکشکانی تەواوەتی تیرۆریستانی لێدەکەوێتەوە.”