هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق، چوار بارەگای سەربازی لە ناحیەی كانی ماسێ دامەزراند.
سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزەكانی پاسەوانی سنوور ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ و بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر هاتنەناوەوەی سوپای توركیا، چوار بارەگای سەربازییان لە بەرامبەر هێزەکانی سوپای تورکیا داناوە.
سەرچاوەكە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتیشی، “یەكێك لە بارەگاكان لەسەر لوتکەی (حەمی) نزیک کۆمەڵگەی بیگۆڤایایە، کە دەکەوێتە بەشی ڕاستی چای کیستە، بارەگای دووەم دەکەوێتە سەر چیای (بادوکێ) و سێهەمیان لە لوتکەی (مایێ)یە و چوارەمیشیان لە لوتکەی (بناڤ) دانراوە”.
ئاشكراشیكرد، لە ئایندەیەكی نزیكدا چەند بارەگایەكی دیكەی سەربازی دادەنێن بۆ ڕێگریكردن لە زیاتر هاتنەناوەی سوپای توركیا بۆ نێو خاكی عێراق و كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لەو ناوچانە.
هاوكات جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەوان ئاگاداری دانانی ئەو بنكانە نین و لەكۆبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی لیژنەی باڵای ئەمنی كە بەشداربوونە باسنەكراوە.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوای ئەوەدێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزیری بەرگریی توركیا سەردانی بنكە و سەربازانی وڵاتەكەی لەنێو خاكی هەرێمدا كرد و بەهۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی توركیای بانگهێشتكرد و یاداشتی ناڕەزایەتی ڕادەستکرد.