بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوە بۆ ڕاپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی بكات و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، تائێستا یاساكە نەبووەتە هۆی ئەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە و لە هەندێك بڕگەدا لە قۆناغی ڕێنمایی دەرنەچووە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند،”ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ ڕاپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازیی دەكەن و بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن، دواتریش دەیدەنەوە سەرۆكایەتیی پەرلەمان”.
ئەو پەرلەمانتارە، كە ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەرییە، وتیشی، ” یاساكە وەڵامدەری ئەم دۆخە گەندەڵی و نادادییە نیە، كە لەكوردستاندا هەیە، بەهیچ جۆرێك نابێتە هۆی بەرپاكردنی دادگەری و گۆڕینی دۆخی دارایی هەرێم”.
دەربارەی سەرنجەكانیان لەسەر ڕاپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت، “ڕاپۆرتەكە زۆر بە خاوی جێبەجێ دەكرێت، لە هەندێك بڕگەشدا هێشتا لە قۆناغی ڕێنمایی دەرنەچووە، بەتایبەت لە بواری چاكسازی لەهێزەكانی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 تائێستا هیچ نەكراوە، لە ڕاپۆرتەكەشدا هیچ بەرەوپێشچوونێك نابینین لەو بوارەدا”.
یەكێكی دیكە لەسەرنجەكانی ئەوپەرلەمانتارە لەسەر ڕەوتی جێبەجێكردنی یاساكە ئەوەیە، “خانەنشینی نەگەڕێندراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەر بە وەزارەتی دارایی، كە یەكێك لەئامانجە گەورەكانی یاسای چاكسازی ئەوپرسە بووە”.
عومەر گوڵپی رونیشیدەكاتەوە، پرسی قەرزەكانی حكومەت، كە نۆ مانگ بەسەر تێپەڕبوونی یاساكە تێپەڕبووە، یەكێكی دیكەیە لە ڕەخنەكانیان و دەڵێت، “لەكۆی 912 ملیار دینار تەنها دووملیار و 900 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی، ئەگەر بەمجۆرەبێت 100 ساڵی دیكەی پێویستە تاوەكو هەموو ئەو پارەیە، كە لای ئەو كەسانەیە قەرزیان لەحكومەت كردووە، بگەڕێنرێتەوە”.
گوڵپی پێشی وایە، تائێستا بە شێوەیەكی گشتی ئیرادەیەكی سیاسیی بەهێز نییە بۆ چاكسازی و جێبەجێكردنی یاساكە.