دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، له رٍێگهی نووسراوێكهوه كه ئاڕاستهی دیوانی چاودێریی دارایی حكومهتی عێراقی كردووە، داوادەكات بڕگهكانی یاسای بودجهی فیدراڵی جێبهجێ بكهن.
فهرمانگهی میدیا و زانیاریی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 7ی نیسان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 بگرنەبەر.
ئاماژەبەوەشدراوە، لەو چوارچێوەیەدا، “دیوانی چاودێری دارایی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دانانی پلانی هاوبەش بۆ ووردبینیکردنی داهاتەکان و دەستنیشانکردنی نوێنەر، نوسراوێکی ئاڕاستەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی کردووە و نوێنەری هەرێم لەم بارەوە دەستنیشانکردووە و داوا لە دیوانی چاودێری عێراق دەکات هەمان ئەو ڕێکارانە بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای ناوبراو”.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 31ی ئازاری ڕابردوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2021 پەسەندكرد و دوای پەسەندكردنیشی لەلایەن سەرۆككۆمارەوە لە ڕۆژنامەی وەقایع بڵاوكرایەوە و بەمەش بەفەرمی یاساكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.