کلاسیکۆی ئیسپانیا، کلاسیکۆی زەوی و چەندین ناسناوی تر…

ڕووبەڕوبونەوەیەکی وەرزشیی نێوان هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنەیە، لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە واتایەکی جیاوازی هەیە و بە جەنگی شاراوەی نێوان جوداخوازەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا و هەرێمی مەدریدی باڵادەست هەژمار دەکرێت.

ئەمانەش چەند خاڵێکی گرنگن دەربارەی کلاسیکۆ و ڕیکۆردە مێژووییە تۆمارکراوەکان:

• لەسەر ئاستی پەخشی تەلەڤیزیۆنی، کلاسیکۆ بەهێزترین ڕووبەڕوبونەوەی تۆپی پێیە و لە ئەیپڕڵی ٢٠١٧ و لەیەک کاتدا ٦٥٠ ملیۆن کەس بینەری بوون.

• جەمسەرەکانی کلاسیکۆ (ڕیاڵ و بارسا) ١٨ نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و ٥٨ نازناوی خولی ناوخۆی ئیسپانیایان چنیوەتەوە.

• بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد کە لەساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامدراوە و دواتر لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئیسپانیاوە پشتڕاست کراوەتەوە، ڕێژەی لەسەدا ٣٢ی ئیسپانیەکان پاڵپشتی ڕیاڵ مەدرید دەکەن و لەسەدا ٢٥ پاڵپشتی بەرشلۆنە دەکەن، لەبەرامبەردا ڕێکخراوی (ئیکرفیڵ) لەساڵی ٢٠١١ لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەنجامداوە و دەریخستووە، لەماوەی چوار ساڵدا ڕێژەی هاندەرانی بارسا بۆ لەسەدا ٤٤ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی هاندەرانی یانەی شاهانەش گەیشتۆتە لەسەدا ٣٧ی ئیسپانیا.

• بەپێێ لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی “مارکت پلەس” کە لەساڵی ٢٠١٠ ئەنجامدراوە، یانەی بەرشلۆنە لە کیشوەری ئەوروپا هەواداری لە ڕیاڵی ڕکابەری زیاترە و بە ٥٧.٨ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن، ڕیاڵ مەدریدیش خاوەنی ٣١.٣ ملیۆن هاندەرە.

• یەکەم ڕووبەڕوبونەوە لەنێوان ئەم دوو زەبەلاحەکەی ئیسپانیا لە “کۆپا دی لا کۆرۆناسیۆن” مانگی پێنجی ساڵی ١٩٠٢ لە مەدریدی پایتەخت ئەنجامدرا، یارییەکە بە بردنەوەی بەرشلۆنە بەئەنجامی (٣ – ١) کۆتایی هات.

• ٢٦ی مارسی ساڵی ١٩١٦ یەکەم ڕووبەڕوبونەوەی فەرمی کلاسیکۆ لەچوارچێوەی ململانێکانی “کۆپا دێل رێ” ئەنجامدرا و بارسا بە ئەنجامی (٣ – ١) براوە بوو.

• ١٧ی مانگی دووی ساڵی ١٩٢٩ یەکەمین ڕووبەڕوبونەوەی نێوان جەمسەرەکانی کلاسیکۆ لە خولی ناوخۆی ئیسپانیای ناسراو بە “لالیگا” ئەنجامدرا و ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامی (٢ – ١) براوە بوو.

• ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بەدرێژایی مێژوو ٢٤٢ جار ڕووبەڕو بوونەتەوە، بەرشلۆنە لە ٩٦ یاریی و ڕیاڵ مەدرید لە ٩٥ یارییدا براوە بوون، لە ٥١ یارییشدا یەکسان بوونیان تۆمار کردووە، ڕیاڵ مەدرید ٤٠٦ گۆڵ و بەرشلۆنە ٣٩٩ گۆڵیان تۆمار کردووە.

• لە تەواوی خول و پاڵەوانێتی و یارییە دۆستانە و نافەرمیەکاندا، ڕیاڵ و بارسا لە ٢٧٢ یارییدا ڕووبەڕوی یەکتر بونەتەوە، ڕیاڵ مەدرید ٩٩ بردنەوە و بەرشلۆنە ١١٥ بردنەوەیان بەدەست هێناوە، ڕیاڵ ٤٤٦ گۆڵ و بارسا ٤٨٢ گۆڵیان تۆمار کردووە.

• لە کلاسیکۆی گەڕانەوەی وەرزی ٢٠١٨/٢٠١٩ بارسا بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵامی ئیڤان ڕاکیتیچ بەسەر ڕیاڵ مەدریددا سەرکەوت و بۆ یەکەم جار دوای ٨٨ ساڵ لە ژمارەی سەرکەوتنەکانی کلاسیکۆدا پێش ڕیاڵ مەدرید کەوتن.

• بەرشلۆنە لە خولی ئیسپانیا ٧١ جار لە ڕیاڵی بردۆتەوە زیاتر لە بردنەوەکانیان بەرامبەر هەر یانەیەکی تر، ڕیاڵی شاهانە ٧٢ جار بەسەر بەرشلۆنەدا سەرکەوتووە کە ئەوەش بەرزترین ڕێژەی بردنەوەیە و زیاترە لە ڕێژەی بردنەوەکانیان بەرامبەر هەر یانەیەکی تر.

• ڕیاڵ و بارسا لەگەڵ یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید تەنها یانەن هەرگیز لە خولی پلە یەک بۆ خولەکانی خوارتر دانەبەزیون.

گۆڵکارە مێژووییەکانی کلاسیکۆ:

1. لیۆنێل مێسی (بەرشلۆنە): ٢٦ گۆڵ

2. ئالفریدۆ دی ستیفانۆ (ڕیاڵ مەدرید): ١٨ گۆڵ

3. کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (ڕیاڵ مەدرید): ١٨ گۆڵ

4. ڕائول گۆنزالێس (ڕیاڵ مەدرید): ١٥ گۆڵ

5. سیزار ئالڤارێز (بەرشلۆنە)، فرانچیسکۆ خینتۆ (ڕیاڵ مەدرید)، فێرنیس پوشکاش (ڕیاڵ مەدرید): ١٤ گۆڵ

6. کارلۆس سانتیلانا (ڕیاڵ مەدرید): ١٢ گۆڵ

7. لوس سوارێز (بەرشلۆنە): ١١ گۆڵ

8. هوگۆ سانچێز (ڕیاڵ مەدرید)، خوانیتۆ (ڕیاڵ مەدرید)، جوسێپ سامیتێر (هەردوو یانە): ١٠ گۆڵ

9. کەریم بنزیما (ڕیاڵ مەدرید): ٩ گۆڵ

10. ئیڤان زامۆرانۆ (ڕیاڵ مەدرید)، ئیولۆجیۆ مارتینێز (بەرشلۆنە)، لویس سوارێز مۆرامۆنتێس (بەرشلۆنە)، سانتیاگۆ بێرنابیۆ (ڕیاڵ مەدرید): ٨ گۆڵ

• مانوێل سانچێز هۆنتیۆلیۆ زۆرترین بەشداری لە کلاسیکۆدا کردووە کە ٤٣ یارییە، بەدوایدا لە پلەی دووەم هەرسێ یاریزان فرانچیسکۆ خینتۆ و چاڤی هێرناندێز و سێرجیۆ ڕامۆس دێن بە بەشداریکردنیان لە ٤٢ کلاسیکۆ.

• لیۆنێل مێسی پادشای کلاسیکۆیە لە ڕێژەی ڕەخساندنی گۆڵدا (١٤) گۆڵی دروست کردووە.

بەهێزترین ئەنجامە تۆمارکراوەکان بەدرێژایی مێژووی کلاسیکۆ:

ڕیاڵ مەدرید ١١ – ١ بەرشلۆنە (١٩٤٣)

ڕیاڵ مەدرید ٨ – ٢ بەرشلۆنە (١٩٣٥)

بەرشلۆنە ٧ – ٢ ڕیاڵ مەدرید (١٩٥٠)

بەرشلۆنە ٦ – ١ ڕیاڵ مەدرید (١٩٥٧)

بابەتی پێشتر

(بەر لە وازهێنان) چاوەڕوان دەکرێت کریستیانۆ شەش ڕیکۆردی هەتا هەتایی تۆمار بکات

بابەتی دواتر

ئایا ئاساییە لەکاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا وەرزش بکەین؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share