ئەوەی لە نێوان ڕامۆس و ڕیاڵ مەدرید ڕوودەدات یاری چاوچنۆکییە

سێرجیۆ ڕامۆس و ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید بە مەرجەکانی یەکتر قایل نابن

هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید ترسیان هەیە لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 سێرجیۆ ڕامۆس بۆ یەکێک لە یانە خوازیارەکانی لەدەستبدەن، چونکە تاوەکو ئێستا ئیدارەی یانەکەیان سەرکەوتوو نەبووە لە نوێکردنەوەی بۆندەکەی.

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی (بۆسمان) لە بواری تۆپی پێ، دوای کۆتاییهاتنی بۆندی سێرجیۆ ڕامۆس لە هاوینی 2021، یاریزانەکە دەتوانێت بێبەرامبەر ڕوو لە یانەیەکی دیکە بکات.

هەموو ئەم جموجۆڵانە کاتێک ڕوودەدەن، کە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە و هاوکارانی بۆندێکی نوێیان بۆ ماوەی دوو وەرز بە موچەی ساڵانەی 10 ملیۆن یورۆ و لێبڕینی لەسەدا 10 پێشکەشکردووە، بەڵام کاپیتانۆ ئەو ئۆفەرە ڕەتدەکاتەوە و لەسەر چەند بەندێکی بۆندەکە سەرنجی هەبووە.

وەک دەردەکەوێت، هەردوو جەمسەری ئیدارەی ڕیاڵ مەدرید و سێرجیۆ ڕامۆس یاری چاوچنۆکانەی بوارە داراییەکان لەگەڵ یەکدی دەکەن.

وردەکاری کێشەکان

بەپێی زانیاریەکانی ئێزگەی “کادینا کۆپێ”، ڕامۆس داوای موچەی ساڵانەی بەبڕی 15 ملیۆن یورۆ بەبێ لێبڕین بۆ ماوەی سێ وەرز کردووە.

ڕیاڵ مەدریدش لەلایەن خۆیەوە بڕی 10.8 ملیۆنی بۆ ماوەی دوو وەرز بە لێبڕینی لەسەدا 10وە پێشکەشکردووە و جیاوازی نێوانیان زۆرە.

یاری تەماع

کادینا کۆپێ دووپاتیدەکاتەوە، یانەیەکی دیکە ئامادەیی دەربڕیوە داواکاریەکانی ڕامۆس جێبەجێبکات، بەم هۆیەوە داوای هەمان بڕە موچە و ئیمتیازات لە بەڕێوبەرانی شاهانە دەکات.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی شاهانە پێی وایە بۆچوونەکانی ڕامۆس بێبنەمان و هیچ یانەیەک ئامادەنییە لە تەمەنی سەرو 30 ساڵیدا ئەو نرخەی پێبدات، لەم بارەیەشەوە ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، کە پاریس سانت جێرمان لەناو هاوکێشەکەدا نییە.

پلان (B)

سەرۆکایەتی ڕیاڵ مەدرید ئامادەکاری بۆ هەر جموجۆڵێکی یاریزانەکە کردووە، لە ئەگەری ماڵئاواییکردنیدا هەوڵ بۆ گواستنەوەی داڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی یانەی بایرن میونشن دەدەن.

ئالابا تەمەنی 28 ساڵە و هەمان داواکاری و خواستی ڕامۆسی هەیە، هاوینی 2021 بۆندەکەی کۆتاییدێت و بێبەرانبەر دەتوانێت درێسی سپی مێرەنگی بپۆشێت.

ڕامۆس تەمەنی 34 ساڵە و لەم وەرزەدا 14 یاری لە خولی ئیسپانیا کردووە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە و لە خولی یانە پاڵەوانەکانیش سێ یاریکردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە و یەکێکی دیکەی ڕەخساندووە، دەیەوێت لەم وەرزەدا بۆندەکەی بە بڕێکی زۆر زیاتر نوێبکاتەوە و فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەش دەیەوێت بەهەمان نرخی پێشوو توڕەیی و حەزەکانی کپبکاتەوە، تاوەکو ئێستا هیچ جەمسەرێکیشیان سازشیان لەسەر داواکاریەکانیان نەکردووە.

بابەتی پێشتر

لیڤەرپوڵ پێشنیازی (پێنج بە یەک)ی بۆ لیدز یونایتد کردووە

بابەتی دواتر

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هیچ هێزێکی چەکدار لە شەنگالدا نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
9
Share