ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆكی “پارتی سەربەخۆ”ی توركیا هێرشیكردە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا و تۆمەتباریكرد بەوەی توركیای كردووە بە كۆمپانیایەك بۆ بنەماڵەكەی و بە “گەورەترین بەڵا كە بەسەر توركیا دا هاتبێت” ناوزەدیكرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی تشرینی یەكەم، لە كۆنگرەی پارتەكەیدا لە مێرسین، ئەحمەد داود ئۆغڵو كە سەردەمانێك یەكێك بوو لە نزیكترین كەسەكانی ئەردۆغان و پۆستەكانی وەزیری دەرەوە و سەرۆكوەزیرانی لە حكومەتی ئاك پارتی دا هەبووە، وتی، “پێداگیریكردنی ئەردۆغان لەسەر مانەوەی لە حوكمدا، وایلێكردووە سڵنەكاتەوە لە پێكهێنانی هاوپەیمانیی سیاسیی ناسروشتی، وەك هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ پارتێكی نەتەوەیی و پارتێكی تری چەپ دا.”
ئەو پارتانەی داود ئۆغڵو باسیكردن، “بزووتنەوەی نەتەوەیی” بە سەرۆكایەتیی دەوڵەت باخچەلی و “پارتی نیشتمان”ـن بە سەرۆكایەتیی دوغۆ برینجك. لەو بارەیەوە ئەحمەد داود ئۆغڵو درێژەی بە قسەكانی دا و وتی، “ئەردۆغان پشتی لە هاوڕێكانی كردووە و ڕێگریی دەخاتە بەردەممان، باخچەلی خستووەتە لای دەستە ڕاستی كە یەكێك بوو لە بەشدارانی كودەتاكەی 1997، لای دەستە چەپیشییەوە برینجك-ـی داناوە كە دژی بانگدان و حیجاب بوو.”
لە درێژەی وتەكانیدا، ئەحمەد داود ئۆغڵو، سەرۆكی “پارتی سەربەخۆ”ی توركیا، سەبارەت بە وتەیەكی ئەردۆغان-ـەوە دوا كە داوای لە خەڵكی توركیا كردبوو ئارام بگرن و بەرگەی بەڵاكان بگرن، لەو بارەیەوە داود ئۆغڵو ڕایگەیاند، “گەل ئارام دەگرێت، بەڵام لەسەر كام بەڵا ئارام دەگرن؟ كێشن ئەوانەی بوونەتە هۆكاری بەڵاكان؟ ئەگەر مەبەستی ئارامگرتن بێت لەسەر هەژاری و بێكاری و هەڵاوسان و گەندەڵی و ستەم، باشە، كێ هۆكاری هەموو ئەوانەیە؟ ئێوە خوودی خۆتان بەڵان، گەورەترین بەڵا كە بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە، ئەو ڕژێمەیە كە وڵاتی كردووە بە كۆمپانیایەكی بنەماڵەیی كارەساتئامێز.”