وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، بە فەرمی ئاگادارنەکراونەتەوە لە کۆتاییهاتنی لێخۆشبوون لە هاوردەکردنی غازی ئێران.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا لەئێستادا ئارامە و سودانی و ترەمپیش، باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان بەغداد و واشنتن کردووە.
وتیشی، “بڕیارە لە ساڵی 2028، عێراق لە پرسی وزەدا بگاتە قۆناغی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی غاز نابێت لە دەرەوە. ئێستاش هیچ فشار و هەڕەشەیەک لەسەر ئێمە نییە و عێراق ئەم جۆرە پەیوەندییە لەگەڵ هیچ وڵاتێک قبوڵناکات، بچوک یان گەورە، بەڵام لە زۆر بواردا گفتوگۆ هەیە لەگەڵ وڵاتانی وەک چین، رووسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا”.
جەختی لەوەشکردەوە، “هیچ سزا و فشارێک نییە لەسەر عێراق سەبارەت بە فراکسیۆنەکان، دۆلار، یان کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ، بەڵام گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی دیدگا هەیە”.
وتەبێژی حکومەتی عێراق باسیلەوەشکرد، تائێستا هیچ بڕیارێکی فەرمییان لەبارەی کۆتاییهاتنی لێخۆشبوونی ئەمریکا بۆ هاوردەی غاز لە ئێرانەوە پێنەگەیشتووە و حکومەتیش خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە.
روونیشیکردەوە، “حەشدی شەعبی، دامەزراوەیەکی فەرمیی نیشتمانییە و بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 40ی ساڵی 2017 دامەزراوە، عێراقیش رێگە بە هیچ لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی نادات دەستوەردان لەم دامەزراوە ئەمنییەدا بکات، هەروەها هیچ وڵاتێکیش داوای هیچ شتێکی لە حکومەتی عێراق نەکردووە کە پەیوەندیی بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە هەبێت”.