ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، کۆڵبەرێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکە ئەشکەنجەی قورس دراوە.
ڕۆژنامەی ” اعتماد” لەسەر ئەو ڕوداوە بڵاویکردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەو کۆڵبەرەی دەستگیریان کردووە بە چەقۆ و دار ئازاری جسمی و جنسیانداوە و دوای گەڕانەوەشی بۆ خاکی ئێران شوێنەواری ئەشکەنجە و چەقۆی پێوەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی سایتی کوردپا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا تەقەیان لە هەردوو کۆڵبەر (بەهرام سەمەدی و حەسەن کچالنو) کردووە و لە ئەنجامدا حەسەن کچانلو کوژراوە و بەهرام سەمەدیش دەستگیرکراوە و ئازاردراوە.
ئەو کۆڵبەرەی کە کوژراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە تەمەنی 35 ساڵ بووە و خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵ بووە.
بەهرام سەمەدی دوای گەڕانەوەی بۆ خاکی تورکیا براوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ دەرکەوتووە کە بە چەقۆ و داری دڕکاوی ئازار دراوە.
لەسەر ئەم ڕوداوە، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، “بەدواداچوون بۆ ڕوداوی کوشتنی کۆڵبەرێک و ئازاردانی کۆڵبەرێکی دیکە دەکەین و داوای وەڵاممان کردووە لە تورکیا سەبارەت بەو ڕوداوە”.
ئەوە جاری یەکەم نییە کە کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەکوژرێن و مانگی ڕابردووش دوای دەستگیرکردنی چەند کۆڵبەرێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە، یەکێک لە کۆڵبەرەکان کوژراوە و دواتر تورکیا داوای پارەیەکی زۆری لە کەسوکاری کۆڵبەرەکە کردبوو بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.