ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و وەزیری بەرگریی سوید

ئەمڕۆ سێشەممە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و  پیتەر هۆلت کڤیست، وەزیری بەرگریی سوید کۆبوونەوە، چەند پرسێکیان پەیوەست بە ڕۆژئاوای كوردستان تاوتوێکرد.

ئاژانسی هاوار لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویکردووەتەوە، “لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هێرشی چەکدارانی داعش و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە و جیهان، کێشەی کامپەکان، سەرلەنوێ بوژاندنەوەی ناوچەکە و هاوکارییەکان بۆ هەسەدە و خۆبەڕێوبەریی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، تاوتوێکراون”.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگریی سوید ڕایگەیاندووە، “پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کاربکات بۆ بەدەستخستنی ئەنجامی باشتر و نوێکردنەوە و بیناسازیی و فەراهەمکردنی ژیانێکی ئارام لە هەرێمەکە، چونکە هاوپەیمانییەكە دەتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر ببێتە هاوکار بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی داعش”.

لای خۆیەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گفتوگۆکەی بە گرنگ و بەرهەمدار وەسفكردووە و ڕایگەیاندووە “حکومەتی سوید پشتیوانیی خۆی بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکان لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا نیشانداوە، هەردوولا پەیوەندییەکانمان لە بواری ئاسایش و تێکۆشانی دژەتیرۆردا بەرفراوانتر دەکەین”.

مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی ئاسایش و مرۆیی کامپی هۆڵ کردووە، داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە، هەر هاوڵاتییەکیان لەکامپەکانی رۆژئاوای كوردستاندا هەیە، وەریانبگرنەوە.

بابەتی پێشتر

بەرزبوونەوەی توشبوون بە شێرپەنجە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی هێنایە قسە

بابەتی دواتر

(20) وەڵام لە فلۆرنتینۆ پێرێزەوە بۆ ئەوانەی گومانیان لە سوپەرلیگە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share