ڕاهێنەری یانەی مانچستەر سیتی، پیپ گواردیۆلا لە کۆتایی وەرزدا دەستبەرداری سێرجیۆ ئەگوێرۆی هێرشبەری ئەرجەنتینی دەبێت و شوێنگرەوەشی دیاریکردووە.
ماڵپەڕی “وەن فوتباڵ”ی ئینگلیزی لەزاری “دۆن بالۆن”ی ئیسپانییەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا سێرجیۆ ئەگوێرۆ کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ خولی ئەرجەنتین، یاخود پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات.
پیپ گواردیۆلای ڕاهێنەری سیتیزن لە ئێستاوە هەوڵەکانی بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ئەم هێرشبەرە دەستپێکردووە و لەگەڵ بەرپرسانی یانەکەی کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجامداوە.
بەپێی زانیارییەکانی دۆن بالۆن، گواردیۆلا سەرسامبوونی بە ئێرلینگ هالاندی نەرویجی هێرشبەری یانەی بوروسیا دۆرتمۆند نیشانداوە، داواشی لە سۆریانۆ و بیگریستاینی بەڕێوبەرانی یانە شینە ئاسمانییەکە کردووە هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی دەستپێبکەن.
نوێنەرانی سیتی دەیانەوێت گرەوی گواستنەوەی هالاند لە یانەکانی دیکە ببەنەوە و بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی بە ئالف هالاندی باوکی یاریزانەکەوە دەکەن، کە پێشتر یاریزانی بواری تۆپی پێ بووە و بۆ یانەی مانچستەر سیتی یاریکردووە.
هالاند لە وەرزی گواستنەوەکانی 2019/2020 لە یانەی ڕێدبول سالزبۆرگی نەمساییەوە پەیوەندی بە یانەی بوروسیا دۆرتمۆندەوە کرد، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 41 گۆڵی تۆمارکردووە و یانە گەورەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید، مانچستەر یونایتد، مانچستەر سیتی، پاریس سانت جێرمان، بەرشلۆنەی سەرسامکردووە و سەرجەمیان هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدەن.