پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كەسێكیان دەستگیركردووە كە شەوی ڕابردوو بەهۆی ناكۆكی لەكاتی مامەڵەی كڕین و فرۆشتندا تەقەی كردووە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە بازاڕی (شێخ مستەفا) دوو لایەن لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ توشی دەمەقاڵێ بوون، لە ئەنجامدا لایەنێکیان تەقەی كردووە، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
دەشڵێت، هێزەكانیان هەمان کات تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ئ.م.ص.) بە تۆمەتی تەقەكردنەكە دەستگیركردووە.
پۆلیسی هەولێر ڕونیشیكردوەتەوە، هەرچەندە هەردوو لایەن لەنێوان خۆیاندا ئاشت بوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەقەکردن مافی گشتی دەیگرێتەوە، پەراوی بۆ رێکخرا و رەوانەی دادگا کراوە بۆ وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە.