دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە دەستپێدەكات

لە ئێستادا دوو مادە ئامادەیە

دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە دەستیپێكردووە و بەڕێوبەری دابەشكردنی خۆراك دەڵێت، دوو مادە گەیشتووە و بەسەر بریكارەكاندا دابەشی دەكەن.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوبەری دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 17ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بۆ ئەم مانگە هەریەك لە زەیت و شەكر گەیشتووەتە گەنجینەكانیان و ئەوانیش دەستیان بە دابەشكردنی بەسەر بریكارەكاندا كردووە.

وتیشی، “دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە بەردەوامە و نەوەستاوە، هەر كاتێك لە بەغدادەوە بگات، ئێمەش دابەشیدەكەین”.

دەربارەی ئەوەی بڕیاربوو دوو بەشە خۆراك لەم مانگەدا دابەشبكرێت، شەوكەت محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دراوە و هەر كاتێك بگات بە دەستیان دەست بە دابەشكردنی دەكەن.

لە 18ی ئازاری ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیار و رێنماییەكی تایبەت بە بەشە خۆراكی مانگانە دەركرد و چەند دەسەڵاتێكی بە وەزارەتی بازرگانی بەخشی بەمەبەستی كارئاسانی لە دابینكردنی خۆراك.

بەپێی بەشێك لە بڕیارەكان لە 1ی حوزەیرانی داهاتووەوە فۆڕمی خۆراك بەو كەسانە نادرێت كە شایستە نین، جگە لە پابەندكردنی وەزارەت و فەرمانگەكان تا ناوی ئەو كارمەندانە ڕادەستبكەن كە كۆی گشتیی موچەكەیان دەگاتە (ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار دینار) و بەرەو ژوور.

بڕیارەكە ئەم توێژانە دەگرێتەوە:
– ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان نەكردووە و داهاتی مانگانەیان لە 1.5 ملیۆن دینار زیاترە.
– بەڵێندەرانی تۆماركراو تا پلەی شەشەم.
– خاوەن كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە فەرمانگەی تۆماری كۆمپانیاكان (بەڕێوبەر بن یان هاوپشك).
– تۆماركراوان لە ژووری بازرگانی تا پلەی دووەم، پیشەسازەكان تا ئاستی سێیەم، یەكێتی خاوەنكاران، سەرەڕای سەندیكای پزیشكان، پزیشكانی ددان و سەندیكای دەرمانسازان.
– ئەو كەسانەی ئەژماری باجیان هەیە كە زیاتربێت لە (18) ملیۆن دیناری ساڵانە.
– ئەوانەی زیاتر لە سێ مانگە لە دەرەوەی عێراقن (بەشێوەی كاتی ڕادەگیرێت تا گەڕانەوەیان دەسەلمێندرێت).
-نیشتەجێبووانی دەرەوەی وڵات.
– ئەو عێراقییانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتی میوانن.
– بەندكراوانی بەندینخانە ناوەندییەكان (تا كاتی ئازادكردنیان) مردووانی ناو بەندینخانەكان، كەسانی سەر بە گروپە تیرۆرستییەكان و هەڵهاتووان لە دادگا.
– عەرەب و بیانی و كۆچبەران جگە لە خێزانە فەڵەستینییەكان.

بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق لەبارەی موچەی فەرمانبەرانەوە دڵنیایی دەدات

بابەتی دواتر

ئەمڕۆی دراوەكان.. دۆلار جێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share