سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 33یەمین ساڵیادی ئەنفالدا ڕایگەیاندووە، “حكومەتی ھەرێم داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات”.
لە پەیامێكدا كە بە بۆنەی ساڵیادی ئەنفالەوە بڵاویكردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفال تێدەپەڕێت، کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس، بە ئامانجی جینۆسایدكردنی گەلی كوردستان، بە هەشت قۆناغ، هەزاران هاونیشتمانیی بێتاوانی بێسەروشوێن و زیندەبەچاڵ کرد، هەزاران گوند و شارەدێ و هەزاران مزگەوت و قوتابخانە و دەیان كڵێسای کوردستانی خاپووركرد، ڕەز و باخ و كێڵگەی جووتیارانی سووتاند و كانیاوەكانی تەقاندەوە و بنەماکانی ژیانی لە ناوبرد”.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی بۆ كەسوكاری قوربانییان و خەڵكی زیانمەندی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەکات، هاوکات کار دەکات بۆ ئەوەی خزمەتێکی زیاتری کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ فەراهەم بکات” .
سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی ڕایگەیاندووە، “هیوادارم ئەم یادە، بكەینە هاندەری پتەوكردنی یەكڕیزی نیشتمانیی و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو گەلانی ناوچەكە”.