حکومەت بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ تۆمەتبار دەکرێت

سەرپەرشتیاری هاوسەنگی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گلەی لە حکومەت کردووە کە هۆکارێک بووە بۆ کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەریاچەکەدا و وەزارەتی وزە بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەرچەی بەنداوەکانی سەر ئەو دەریاچەیەی گرتووە.

مەسعود تەجریشی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی ڕایگەیاندووە ” لە وەرزی بارانبارین لە ساڵی ڕابردوو وەزارەتی وزە دەرچەکانی بەنداوەکانی سەر دەریاچەکەی بەستووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئەو مافەیە کە ئێمە هەمان بووە لەو ئاوەی دەبوو بگاتە دەریاچەکە”.

بە وتەی سەرپەرشتیاری دەریاچەکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو تا ئێستا دەبوو دەریاچەکە 640 ملیۆن مەتر چوارگۆشە مافی هەبوایە لەو ئاوەی دەچێتەوە سەر دەریاچەکە، بەڵام لەماوەی ئەو ساڵەدا تەنها 160 ملیۆن مەتر چوارگۆشە گەیشتووەتە دەریاچەکە.

دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و لە نێوان دوو پارێزگای ورمێ و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران ھەڵکەوتووە، ئەم دەریاچەیە دووەمین دەریاچەی سوێری جیھانە و ئەوەندە سوێرە کە ھیچ ماسییەک تێیدا ناژی، خوێ لە دەریاچەکەدا بە پێی وەرز دەگۆڕێت و لە هاویندا 280  گرام خوێ لە لیترێک ئاودا دەتوانێت دەربکرێت.

سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵدا ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ دابەزیبوو، بەڵام لە ساڵی 2017  وە ئاستەکەی بەرزبوویەوە، ئەمساڵیش بەهۆی کەم بارانییەوە جارێکی دیکە نزمی ئاستی ئاوی دەریاچەکە بۆتەوە پرسێکی گەرم.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت بەرز بووەتەوە

بابەتی دواتر

كەشوهەوای دوو ڕۆژی یەكەمی ڕەمەزان چۆن دەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share