ئەمڕۆ 11 ی نیسان، سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی لەبەردەم سەرۆککۆماری عێراقدا سوێندی یاساییان خوارد و بڕیارە یەکێک لە دامەزراوە دەستورییەکانی عێراق بە سەرۆک و ئەندامی نوێوە دەستبەکاربێت.
لە کاتی سوێندخواردنی سەرۆک و ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاند، ” پێکهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بە ئاڕاستەی تەواوکردنی داواکارییە یاسای و دەستوورییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووەو جێبەجێکردنی داواکارییە نیشتمانییەکان و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵک و پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار و گونجاو و زامنکردنی ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد دوور لە ساختەکاری و فرتوفێڵ”.
مانگی ڕابردوو ئەندامانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی چوارچێوەی دادگای باڵی فیدراڵی کۆبوونەوە و سەرۆک و ئەندامانی سەرەکی و یەدەگ لە دامەزراوەکەدا دیاریکرا.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەرکی چاودێری و دەستوریبوونی یاسان دەکات لە نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمەکان و هەوڵدەدات بە ئامرازێک رێگە دەستوری و یاساییەکانی هەردوو لا ڕێکبخات.
پێکهاتەی دادگای باڵای فیدراڵی لە 13 دادوەر پێکهاتووە و دوو ئەندامی کوردیشی تێدایە کە سەرۆکی دادگای تاوانەکانی دهۆک و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانین.