وەزارەتی تەندروستیی عێراق گەیشتنی یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر ڕادەگەیەنێت.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی نیسان بڵاویكردەوە، یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گەیشتووە، وەك هەنگاوی یەكەمی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیای ئەمریكیی بەرهەمهێنی ڤاكسینەكە كراوە.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی-ش ئاشكرایكرد، كاروانەكە پێكدێت لە 50 هەزار ژەمە ڤاكسین.
ئەوەشی وت، “ڤاكسینی فایزەر لە سبەینێ-وە لە سەرتاسەری وڵات بەردەستدەبێت” كە بەوتەی ئەو 50 ناوەند لە بەغداد و پارێزگاكان بۆ پێدانی ڤاكسینەكە بە هاوڵاتیان تەرخاندەكرێت.
هەر ئەمڕۆ 200 هەزار ژەمە ڤاكسین كە لەلایەن حكومەتی چینەوە پێشكەشكراوە و لە جۆری سینۆفارم- دەگاتە عێراق، وەك ئەوەی حەسەن تەمیمی ئاشكرایكرد.
پێشتریش 50 هەزار ژەمە ڤاكسینی سینۆفارم و 336 هەزار ژەمە ڤاكسینی ئەسترازینیكا گەیشتە عێراق و بەسەر هەرێمی كوردستان و پارێزگاكاندا دابەشكرا.
پەیوەندیدار: وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن هاوڵاتییانەوە