گرنگترین ڤیتامین و کانزاکان بۆ بەهێزبوون و پاراستنی تەندروستیی قژ

هەڵوەرین و لاوازی قژ لە خانمان و پیاواندا بڵاوە و یەکێکە لە گرفتەکان کە چەندین کەسی گرفتار کردووە، پزیشکێکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، گرنگترین ڤیتامین و کانزاکان بۆ بەهێزی قژ و پاراستنی تەندروستیی قژ دەخاتەڕوو.

د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، ڤیتامینە بەسوودەکان بۆ قژ بەم شێوەیە پۆلێن دەکات:

1-ڤیتامین ( A ): زۆر گرنکە بۆ گەشەی هەموو خانەکانی لەش بە تایبەت مووەکانی قژ و پێست، کەمی ڤیتامین ( A ) دەبێتە هۆی وەرینی قژ، گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک: میوە و سەوزە رەنگ پڕتەقاڵییەکان وەک گێزەر، کاڵەک، پڕتەقاڵ، پەتاتەی شیرین، هەروەها ماست، هێلکە، زەیتی جگەری نەهەنگ، بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی ڤیتامین A زۆر لەسەروو ئاستی نۆرماڵەوە لە رێگای وەرگرتنی حەپ و دەرمانەوە دەرەنجامێکی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە و وەرینی قژ زیاد دەکات.

2 – ڤیتامین  ( C ): رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە تەندروستیی قژ، گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک: میوە مزرەمەنییەکان، هەڵوژە، شلیک، بیبەر.

3 – ڤیتامین ( D ):کەمی ئەو ڤیتامینە هۆکاری وەرینی قژ و زیاد بوونی ئەگەری تووشبوونە بە دەردەڕێوی، سەرچاوەی سەرەکی بریتییە لە تیشکی خۆر لە نێوان کاتژمێر دەی بەیانی بۆ چواری عەسر، لە خۆراکدا بڕێکی زۆر کەم هەیە بێجگە لە زەیتی جگەری نەهەنگ، ماسییە چەورییەکان وەک سەلەموون و ماکڕێل.

4 – ڤیتامین ( E ):  زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی قژ، گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک: دەنکە کولەکە، دەنکی کەتان، بادام، ئەڤۆکادۆ، سپێناخ.

5 – کۆمەڵەی ڤیتامین ( B ) بە تایبەت ڤیتامین ( B7 ): گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک، دانەوێڵە تەواوەکان، بادام، فستق، سەوزە گەڵاتۆخەکان، ئەڤۆکادۆ.

ئەو پزیشکە گرنگترین کانزاکان بۆ تەندروستیی قژ بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:

1 – ئاسن: یارمەتی خرۆکە سوورەکان دەدات بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین بۆ خانەکان، لەوانە خانەکانی قژو پێست: گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک، گۆشتی سوور و نیسک و مێوژ و سپێناخ.

2 – زینک: رۆڵێکی گرنگ دەبێنێت لە بەهێزکردنی قژ و رێگەگرتن لە وەرینی، سەرچاوە خۆراکییەکان: گۆشتی مانگا و سپێناخ و دەنکە کولەکە و نیسک.

 

 

بابەتی پێشتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە تورکیا نزیکەی 70 کەس بوونە قوربانی

بابەتی دواتر

سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا لە بەغدادە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share