بەهۆی پیسبوونی هەواوە لەیەک ساڵدا 307 هەزار کەس لە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە

ئاژانسی ئەوروپا بۆ کاروباری ژینگە ئاشکرایکرد، بەهۆی پیسبوونی هەواوە تەنها ‏لەساڵی 2019ـدا 307 حاڵەتی مردنی پێشوەخت لە یەکێتیی ئەوروپا تۆمارکراوە.‏

ئاژانسە ئەوروپییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ژمارە مردنە لەساڵێکدا تائێستاش ‏زەنگێکی مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەی بەراورد بە ساڵی پێش خۆی، بەنزیکەیی ڕێژەی ‏‏10% کەمیکردووە، بەو پێیەی لە ساڵی 2018ـدا مردنی پێشوەختە لەو وڵاتەنە بەهەمان ‏هۆکار 346 هەزار حاڵەت بووە.‏

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەوروپا بۆ کاروباری ژینگە، دەتوانرێت ساڵانە زیاتر لە نیوەی ‏ئەو کەسانە لە مردن ڕزگاربکرێن، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ڕێنماییەکانی ‏ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی هەوا جێبەجێبکەن.‏

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکاندا ژمارەی مردنی پێشوەخت ‏بەهۆی پیسبوونی هەواوە لە یەکێتیی ئەوروپا نزیکەی یەک ملیۆن حاڵەت بووە و ژمارەکە ‏لە ساڵی 2005ـدا دابەزیوە بۆ 450 هەزار حاڵەت.‏

تائێستا پیسبوونی هەوا یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکانی سەر وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، ‏نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک لە دیارترین هۆکارەکانی مردنی پێشوەختن، کە ‏هۆکارەکەی پیسبوونی هەوایە لەو وڵاتانە، دوای ئەوانیش نەخۆشییەکانی سییەکان و ‏شێرپەنجەی سییەکان دێت.‏

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل هێرشێكى مووشه‌كیی كرده‌ سه‌ر سوریا

بابەتی دواتر

فه‌ره‌نسا و ئیتاڵیا په‌یماننامه‌یه‌ك بۆ گۆڕینى هاوسەنگی دەسەڵات لە یەکێتیی ئەوروپا واژوو ده‌كه‌ن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share