سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق ڕایگەیاند، پێشوازی لەو گفتوگۆیانە دەکات و بە ڕێگەیەکی دروستی دەزانێت بۆ بەردەوامی هەماهەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە.
مەسرور بارزانی لە تویتێکدا نوسیویەتی، “پێشوازی لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق دەکەین، حکومەتی هەرێم گفتوگۆ بە تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە هەماهەنگی زیاتر دەزانێت لە بوارەکانی چاکسازی و ئەمنیەت و بازرگانی و سەرمایەگوزاری و ژینگە و وزەی پاک”.
عێراق و ئەمریكا هەماهەنگییەكانی نێوانیان پەرەپێدەدەن و هەردوولا لەسەر چەند بڕیار و هەنگاوێك بۆ بەهێزكردنی تواناكانی عێراق ڕێككەوتن.
I welcome the third round of the US-Iraq Strategic Dialogue. The KRG reaffirms its support for the talks. They are a pathway to greater engagement and cooperation – in reform, security, trade, investment, the environment, and clean energy -mb.
— Masrour Barzani پابەندین# (@masrour_barzani) April 8, 2021
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 7ی نیسان گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەڕێی ڤیدیۆ كۆنفڕانسەوە دەستیپێكرد.
بەپێی بەیاننامەی كۆتایی، گفتوگۆكە بە سەرپەرشتی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە و تیایدا هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی دووقۆڵی بەهێز كە بەسوود بۆ هەردوو گەلی عێراق و ئەمریكا دەشكێتەوە.
لە گفتوگۆکاندا پرسەكانی ئاسایش و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر، ئابوری و وزە و ژینگە، پرسە سیاسییەكان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكان تاوتوێكران، لە گفتوگۆكاندا نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەدا هاتووە.