بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنێ 7 ی نیسان بە زەبری چەک نزیکەی 11 دەفتەر دۆلاری لە ماڵێک دزیبوو دەستگیرکرا.
عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوبەری پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوای ئەوەی زانیاریمان پێگەیشت کە دزێک لە گەڕەکی توی مەلیکی شاری سلێمانی بڕی 65 هەزار پاوەن و 35 ملیۆن دیناری بردووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و دەستکەوتنی سەرەداوەکان توانرا ئەو کەسە دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئەو چەکەشدا کە لە تاوانەکەدا بەکاری هێناوە”.
دوێنێ کەسێک بە زەبری دەمانچە چووەتە ماڵێکەوە لە گەڕەکی توی مەلیکی شاری سلێمانی و لەوکاتەدا تەنها ژنێکی تەمەن 75 ساڵ لە ماڵەکەدا بووە و دوای هەڕەشە لێکردنی بە دەمانچە بڕی 65 هەزار پاوەن و 35 ملیۆن دینار و بڕێک ئاڵوتنی دزیووە.