غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق دوور لە یاساكانی دەستوور و بە عەقڵییەتێكی شۆڤێنی دژ بە كورد بڕیار دەدات.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزیری دارایی عێراق بە نوسراو ژمارە 14502- ئاماژەی بەوەكردووە، لەم مانگەوە تا كۆتایی ساڵ ناتوانێت مووچە بۆ هەرێم بنێرێت بە بیانوی ئەوەی پشكی هەرێم لە بوودجەی سێ ساڵەی عێراق تەواو بووە.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەم كردەوە نادەستوریەی وەزیر لەم كاتە هەستیارە، جگە لەوەی كە نزیكە هەڵبژاردنی پەرلەمانە و گەرەكیانە لە شەقامی عێراقی بە بڕیاری قوت بڕینی كورد لایەنگر بۆ خۆیان پەیدابكەن و بكەونە بەر ڤۆكەسی شاباشای بازنەی ئنتیخابیان، هەروەها، بڕیارەكەی وەزیر ڕاستەوخۆ دژبوونیشە بە بڕیاری ژمارە224ی دادگای باڵای عێراق، ئەمە لەكاتێكدا هێشتا حكومەتی فیدڕاڵ خشتەی داهات و خەرجیەكانی ساڵی 2025ی نەناردووە بۆ پەرلەمان تا دوای دراسەتكردنی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بكرێت.
روونیشكردووەتەوە، ئیتر ڕوونە كە بڕیارەكەی وەزیر جگە لە پیلانێكی شۆڤێنی بۆ برسیكردنی ملیۆنان كەس لە خەڵكی هەرمی كوردستان شتێكی ترنییە و ئەم كردارانە نەك تەنیا دژ بە مافەكانی كوردە لە دەستوور، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر یەكپارچەیی و سەقامگیری عێراق بە گشتی پێویستی خێرا (عاجل) ئەوەیە كە هێزە سیاسیەكانی هەرێم بەیەكگرتووی و یەك (خیگاب)ی لە ئاستی باڵا لە (هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت) كۆدەنگی بۆ دەستەبەر بكەن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم بڕیارە شۆڤێنیە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ وەزیر بكرێت بەهۆی پشتكردنی لە بنەمای دەستوریە فیدڕاڵیەكانی عێراق.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، پێویستە پێیان بگوترێت كە ئەم جۆرە لە بڕیاری تاكڕەوی دژ بە گەلێك، ئاشوب و ئاژاوە دەخاتە ناو سیاسەت و حوكمڕانی عێراقەوە، و بۆ ڕێگری لەم پێشهاتە خراپە دەبێت ئێمە وەك كورد و هەموان وەك عێڕاق ڕێگری بكەین لە پشێوی لە عێڕاق و ڕێگری بكەین لە برسیكردن و نادادی لە عێڕاق و ڕێگری بكەین لە چەوسانەوە برسیكردنی هەر گەل و پێكهاتەیەكی عێراق، بەڵێ ڕێگری جدی بكەین لەهەر شۆڤێنیەك كە بیەوێت قوت و بژێوی خەڵكی كوردستان ببڕێت؛ بەڵێ، هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و دەستوری و سیاسی دەگرینەبەر تا دادپەروەری لە وەزارەتەكەی (گیف سامی) و هەر دامەزراوەیەكی حكومەت بەرقەرار دەكەین و نەهێڵین پێشێلی ئاشكرای یاسا و ڕێسا دەستوریەكانی عێراق بكرێت.