لە لەندەن-ی پایتەختی بەریتانیا چەند چالاكییەك بەڕێوەچوون بۆ سەركۆنەكردنی لە سێدارەدان لە وڵاتی ئێران.
ڕێكخەرانی چالاكییەكە كۆمەڵێك چالاكوان بوون، كە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕوبەڕوبوونەوەی لەسێدارەدان ئەو چالاكییانەیان ڕێكخستبوو.
جەمشید ئادەمی، یەكێك لە ڕێكخەرانی چالاكییەكان ڕایگەیاندووە، “ڕژێمی ئێران لە ئاستی جیهاندا یەكەم وڵاتە كە زۆرترین كەس لەسێدارە دەدات”.
ئەو چالاكوانە ئەوەشی ئاشكراكردووە، زیندانی سیاسی بووە و بەچاوی خۆی بینیویەتی كە هاوزیندانییەكانی لەسێدارە دراون، “ڕۆژانە ڕژێمی ئێران 50 بۆ 100 كەس لەسێدارە دەدات، پێویستە واز لەو كارە بهێنێت”.
چالاكوانێكی دیكەی بەشدار لەو چالاكییانە لە لەندەن كە برایەكی لە ساڵی 1982 لە ئێران لەسێدارە دراوە و بێتاوان بووە ئاماژەی بەوەكردووە، “ڕاپۆرتەكان دەریان خستووە لە ساڵی 2018دا ئێران سزای لە سێدارەی بەسەر 253 كەسدا جێبەجێ كردووە”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەنێو ئەو كەسانەی لە سالی 2019دا لەسێدارە دراون مێردمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵیان تێدابووە.