كازمی سەبارەت بە چەند پرسێكی تایبەت بە كوردستان دەدوێت

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەك كاربەدەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵدا كۆبووەوە بۆ سەرپەرشتیكردن و تاووتوێكردنی ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال.

بە گوێرەی چەند تویتێك كە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاویكردوونەتەوە، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەچووە، تیایدا كازمی جەختیكردووەتەوە لەوەی “ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، لایەنی ئەمنی و كارگێڕی پتەوبكات بۆ ئەوەی ببێتە هۆی خێراكردنی گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی شنگال.”
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە “یاسا زامنی بنیادنانی بنەماكانی دەوڵەتێكی بەهێز دەكات كە هاوڵاتیبوون تیایدا بەرقەرارببێت و فرەیی ئایینی و ئیتنی پارێزراوبن.” ڕاشیگەیاندووە كە “دەستبەرداری ئەو بنەمایە نابن، چونكە پەیوەستە بە داهاتووی عێراق و یەكێتییەكەیەوە.”
كازمی باسی لەوە كردووە كە “دواكەوتن لە سەقامگیركردنی شنگال، زیانی بە خەڵكەكەی گەیاندووە كە دوێنێ بە دەست داعشەوە ناڵاندوویانە و ئێستا بەدەست كەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.”
سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا بەڵێنی داوە كاربكات بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتییانی ڕفێندراوی شنگال و جەختیكردووەتەوە كە “حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاریی خەڵكی شنگال، كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكە بە شێوەیەكی دروست بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت.”
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەوەش كردووەتەوە كە “دەبێت شنگال چۆڵبكرێت لە گرووپە چەكدارەكان، چی ئەوانەی ناوخۆ یاخود ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی سنوورەكانەوە هاتوون.”
بە گوێرەی تویتەكانی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران، كازمی ڕایگەیاندووە، “عێراق دژی بەكارهێنانی خاكەكەیەتی لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە بۆ هێرشكردنە سەر توركیا و ئێران و دراوسێكانی تری.”
مستەفا كازمی وتووشیەتی، “حزبم نییە، گەل پارتی منە و تاكە پرۆژەیشم، پەڕاندنەوەی دەوڵەت و بەدیهێنانی خواستی گەلە لەڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە، ڕێگە بە كەس نادەین هەڕەشەی ڕووخاندنی دەوڵەت بكات.”
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیی 9ی تشرینی یەكەم، ئه‌حمه‌د مه‌لا ته‌ڵاڵ، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق له‌ تویته‌ری خۆی ڕایگه‌یاند‌، “مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ ڕێككه‌وتنێكی مێژوویی ئه‌نجامدا، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ شه‌نگال به‌پێی ده‌ستوور باڵا ده‌كات، له‌ ئاستی كارگێڕی و ئه‌منییه‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كان ناهێڵێت، شاره‌كه‌ ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه‌ و هاوڵاتییانی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان”.
بابەتی پێشتر

داوای بایكۆتی سیستمی ئه‌لیكترۆنی و هۆڵی خوێندن ده‌كرێت

بابەتی دواتر

مەسرور بارزانی: دوای ڕێككەوتنەكەی كوردستان و بەغداد لەگەڵ كازمی قسەم كرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، سبەینێ پێنجشەممە پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، “ئاسمان ساماڵ دەبێت…
Total
0
Share