11 ساڵ بەسەر کارەساتی سەربازگەی سپایکەر تێپەڕدەبێت

ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر کارەساتی سپایکەر تێپەڕدەبێت کە بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار خوێندکاری سەربازیی عێراق کوژران و بێسەروشوێن بوون.

سەرەتای کارەساتەکە بۆ بەیانی رۆژی 12 ی حوزەیرانی 2014 دەگەڕێتەوە، کاتێک دوو هەزار خوێندکاری فیرقەی 18 ی سوپای عێراق بۆ پاراستنی پاڵاوتگەکانی بێجی و عەین جەحش، لە بنکەی ئاسمانیی سپایکەر مابوونەوە، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکران و دوای گواستنەوەیان بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی لە شاری تکریت، بەر دەستڕێژی گولـلـە دران و ژمارەیەکی زۆریان کوژران و بەشێکیشیان زیندەبەچاڵ کران و تەنها ژمارەیەکی کەم لە خوێندکارەکان توانیان هەڵبێن و رزگاریان بێت.

بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە رووداوەکەدا هەزار و 700 کەس ژیانیان لەدەستدا، بەڵام ئامارە نارەسمییەکان باسلەوەدەکەن کە ژمارەکە زیاتر لە دوو هەزار کەسە و تا ئێستا 500 کەسیان بێسەروشوێنن و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە.

بە وتەی رزگاربووانی تاوانەکە، خوێندکارەکان لەلایەن فەرماندەکانیانەوە هەڵخەڵەتێنراون و پێیان وتراوە دەبرێنە شوێنێکی پارێزراو تا ئەو کاتەی گەیشتوون بە کۆشکی سەرۆکایەتی و کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.

لە دوای رووداوەکە و بەتایبەت لەدوای ئازادکردنەوەی موسڵ، دەیان کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانی سپایکەر دەستگیرکران، هەرچەندە ژمارەیەکیان بە بڕیاری دادگا لەسێدارەدران، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی دیکەیان لە زیندانەکانی عێراقدان و چەندانی دیکەش هەن کە دەستگیرنەکراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە کەسوکاری زۆرێک لە قوربانییەکانی سپایکەر سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتیی تکریتیان کرد، بە چاوی پڕفرمێسکەوە وێنەی کوڕەکانیان بەرزکردبووە و داوای بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەکەیان دەکرد.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share