وادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاریكرا

ناوی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو و ئامادەنەبوو بۆ ڕای گشتی ئاشكرادەكرێت

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەكات سبەی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بن.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ سێشەممە 30ی ئازار لە ڕاگەیەنراوێكدا داوای لە پەرلەمانتاران كرد ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بن لە كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی سبەی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە “كە چاوەڕوانكردنی زۆری خایاند”.

هۆشداری ئەوەشدەدات كە ناوی ئەندامانی ئامادەبوو و نائامادەبوو بۆ ڕای گشتی دەخرێتەڕوو.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هەر لە بەرنامەی كاری دانیشتنی سبەی-دا داوایەكی هێزە سیاسیەكان دەخرێتەڕوو كە بە واژووی زیاتر لە 172 پەرلەمانتار پێشكەشكراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران، وەك وەڵامدانەوەی داخوازییەكانی گەل بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەڕەشەی تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە دەنگی زۆرینە دەكرێت

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ناجی سەعیدی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لایەنەكانی نێو پەرلەمان چەند جۆرێكن، هەیانە بەتەواوی پرۆژەی بودجە ڕەتدەكاتەوە و لە تێڕوانینی سیاسییەوە ئامانجی ئەوەیە پرۆژەكە تێنەپەڕێت، ئەوانە لەنێو پەرلەمان بوونیان هەیە و ناسراون.

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئەوەشی وت، “هەندێك لایەن دەیانەوێت هەندێك مادە بۆ پرۆژەی بودجە زیادبكەن، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەردراوە و ڕادەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، ئەمەش قبوڵكراونییە و ڕێگەی پێنادەین، لەكاتێكدا ئەو لایەنانە نوێنەریان لە لیژنەی دارایی هەیە و سێ مانگە لەگەڵ لیژنەدان و بەشداری كۆبوونەوەكان دەكەن و ڕەزامەندییان لەسەر مادەكانی داوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەم ماوەیە ماوەی گفتوگۆیە لەسەر بودجە، دوای ئەوە پڕۆژەی بودجە بە زۆرینە تێدەپەڕێنین و ڕێگە بە گۆڕینی تەنها پیتێكی نادەین” باسی لەوەشكرد، “نرخی بەرمیلێك نەوت لە پڕۆژەكەدا دەگۆڕدرێت بۆ 46 دۆلار لەپێناو ڕەتكردنەوەی قەرزی دەرەكی”.

دوێنێ شیروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی وتی، “ناكۆكی نوێ هاتوونەتە پێش بودجە، هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی هۆكاری ئەوە بوون كە دانیشتن بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 بەڕێوەنەچێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەندێك فراكسیۆنی پەرلەمانی داواكاری نوێیان پیشكەشكردووە، بۆ دووبارە دیاریكردنەوەی نرخی دۆلار، ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە نەكراوە”.

لای خۆیەوە، محەمەد شەبەكی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ڕایگەیاند، “ڕەنگە بەر لە كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە بدرێت”.

بابەتی پێشتر

گەرمیان.. ماتۆڕسوارێك لەلایەن كارمەندێكی پۆلیسەوە برینداردەكرێت

بابەتی دواتر

زانكۆی سلێمانی دەوامی خوێندكاران ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share