حكومەتی هەرێم: دەستبەرداری ماف و ملكەچی فشار نابین

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکان و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەیدا هاتووە، ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی داخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خرایەڕوو. سەرۆك وەزیران دوپاتیكردەوە، دەبێ بە هەموو شێوەیەک، ڕووبەڕووی تاوانکاران ببینەوە و کۆتایی بە دیاردەی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی یاسا و بەبێ مۆڵەت بهێنین، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانکاری و توندوتیژی دابنرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵاتی خرایەڕوو. سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگییەكەی كرد بە ئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمای نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی، لەکاتێکدا یاساکەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو، کە لەسەر بنەمای مەرکەزییەت داڕێژراوە.

لای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران، کە سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەی دەکرد، وتی، ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابووریی و بازاڕ و کەرتی تایبەت و بەهاوکاری ڕێکخراوی جیهانی کار و پشتبەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە و هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانیی ڕەگەزی تێدا پارێزراوە.

وتیشی، “لەڕێی ئەم یاسایەوە، بەشێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و ڕێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوامکردن و مۆڵەت وەرگرتن”. ئاماژەیدا بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە تەواوکاری یاسای کارە و کاری باشی لەسەرکراوە.

ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای نوێی کاری پەسەندکرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، بڕگەی سێیەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکانی (بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، خەرجییەکانی نەوت و گاز، پشتیوانیی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کڕینەوەی وزە لەو وێستگانەی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا و دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی)، هەروەها قەرزەکانی پەیوەندیدار بەنەوت. ئەم بابەتانە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەن و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا کە وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ی دابینبکات کە خەرجیی تێکڕایی مانگانەی مووچە 900 ملیار دینارە، لە کاتێکدا حکومەت فیدرالی بۆ شەش مانگی ساڵی 2022، دەبوایە ترلیۆنێک و دوو سەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگی لەمساڵەدا ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکومەتی هەرێم، هەموو مانگێک مووچەی تەواوی دابەشکردووە. جگە لە دابینکردنی مووچە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی ڕابردووشدا و تا دەگات بە ئێستا بڕی زياتر لە ملیار و نیوێک دۆلاریش لە قەرزە کۆنەکان دراوەتەوە. هەروەها حکومەت پارەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرجکردوە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

لە كۆتاییشدا “هەنگاوە دەستووری و دادوەریی و یاساییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر گوشاری ناڕەوا و نادەستووریی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەلایەن سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

دەشڵێت، بەداخەوە حکومەتی فیدڕاڵیی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی بەشە بودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانکاتدا گوشاری ناڕەواش دەکات تا ڕێگربێت لەو داهاتەی کە هەرێم خۆی دەستی دەکەوێ لە داهاتیی نەوتیی و ناوخۆیی خۆی، کە هیچ ئەرکێکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی دروست نەکردووە.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە “بەهیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و بە هەموو ڕێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات”.

لەهەمانکاتیشدا ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغداد، لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستوور، کە دەکرێ لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستوور، کە ماف و ئەرکەکانی هەرلایەنێک دیاری بکات، چارەسەربکرێت.

بابەتی پێشتر

جۆنسن سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە حكومەتەكەی

بابەتی دواتر

شارەزایەك: بڕیارێكی نێودەوڵەتی نەوتی كوردستان لە هەناردەكردن ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share