ئۆتۆمبێلێك لە ناوەندی شاری سەرێكانی لە ڕۆژئاوای كوردستان تەقییەوە و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.
ئاژانسەكان لەسەر زاری شایەتحاڵانەوە بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئازار بۆمبێك كە لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا چێندرابوو، لە شەقامێكی گشتی شاری سەرێكانی تەقییەوە و بووە هۆی برینداربوونی چەند كەسێك و زیانی مادی بە ناوچەكە.
شارەكە لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ەوە لەژێر دەسەڵاتی توركیا و گروپە چەكدارە لایەنگرەكانیدایە.
سێشەممەی ڕابردووش تەقینەوەیەك لە ڕۆژهەڵاتی شارەكە ڕویدا و بووە هۆی كوژرانی كەسێك و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكە.
ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی توركیا و چەكدارە هاوپەیمانەكانی لە باكووری سوریا لە دۆخێكی ئەمنی ناسەقامگیردایە و ناوبەناو تەقینەوە و شەڕی تیا ڕوودەدات.