لە ڕوبەڕوبوونەوەیەكدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، دوێنێ كوژرانی گەورە بازرگانێكی مادە هۆشبەرەكان لە باكووری بەغدادی پایتەخت ڕاگەیەنرا و ئەمڕۆش ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڤیدیۆی ساتی ڕوداوەكەی بڵاوكردەوە.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان، هێزێكی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 27ی ئازار گەیشتوونەتە ناوچەی (شەعب) لە باكووری بەغداد بەمەبەستی دەستگیركردنی یەكێك لە مەترسیدارترین بازرگانی هۆشبەر لە بەغداد.
ئاماژەشیدا، “هێزی تایبەت بە دەزگاكە لە ناوچەكە بڵاوەی كردووە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئامانجەكە بووە كە سەرقاڵی گواستنەوەی شمەك بووە”. پاش گەڕانەوەی تۆمەتبار بە ماتۆڕسكیلێك، لەلایەن هێزەكانەوە گەمارۆدەدرێت و ئەفسەرێك هەوڵی دەستبەسەركردنی دەدات، بەڵام بازرگانەكە بۆمبی دەستی پێبووە و تەقاندویەتەوە و بەهۆیەوە خۆی و ئەفسەرەكە كوژران.
هەر بەپێی سەرچاوەكان، ماتۆڕسكیلەكەش بۆمبی دەستی و چەكی تیابووە و بەهۆیەوە تەقیوەتەوە و لە ئاكامدا دوو بەرپرسی دیكەی هێزەكە برینداربوون.
دوێنێ شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هێزەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێكیان بۆ دەستگیركردنی “یەكێك لە دیارترین و مەترسیدارترین بازرگانانی هۆشبەر و كارتێكەرە عەقلییەكان” لە ناوچەی (سریدات) لە باكووری بەغداد ئەنجامدا.
بەپێی بەیاننامەكە، تۆمەتبار ڕوبەڕووی هێزەكە بووەتەوە و لە ئاكامدا كوژراوە، هەر لەو ڕوبەڕوبوونەوەیەدا ئەفسەرێكی هێزەكەش كوژراوە و پلەدارێكی دیكەش برینداربووە.
بەیاننامەكە ناو و ناسنامەی تۆمەتبارەكەی ئاشكرانەكردووە.