ساڵیادی شكستی داعش.. عێراق داوای گفتوگۆی ستراتیژی لە ئەمریكا دەكات

هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق

هاوكات لەگەڵ دووەم ساڵیادی شكستهێنان بە داعش، حكومەتی بەغداد داوای خولێكی نوێی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ واشنتن دەكات دەربارەی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە.

داخوازییەكە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی هەوڵەكانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی وڵاتەكەی لە عێراق و پرسی مانەوە یان كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا.

سایتی ئەلعەرەبییە لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، داواكارییەكە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە ئاراستەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە هاوكات لەگەڵ كشانەوەی ژمارەیەكی نوێی سەربازانی ئەمریكی لە عێراق.

مەترسی 70 هەزار چەكداری حەشد
هەنگاوەكە لەكاتێكدا بڵاوبوونەوەی چەك و كۆنتڕۆڵنەكردنی گروپەكانی حەشدی شەعبی كە هەندێكیان بە پشتیوانی سەرەكی ئێران دادەنرێن، هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەكەن، ئەو چەكدارانە كە ژمارەیان بە نزیكەی 70 هەزار دەخەمڵێندرێت بە زۆرینەی ناوچەكانی وڵاتدا بڵاوبوونەتەوە و هەموو كاتێك ئەگەری هەیە مەترسی دروستبكەن.

ئەمریكا پشت بە كازمی دەبەستێت
بەپێی سەرچاوە تایبەتەكان لە واشنتن-ەوە، ئەمریكییەكان چاویان لەسەر ئایندەی هێزەكانی سوپا و ئاسایشی عێراقە بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران.

بەشێك لە بەرپرسانی ئەمریكا پێیانوایە كازمی “كۆنتڕۆڵ و سەرۆكایەتی” ئەو هێزانەی لەدەستدایە و، هێزەكانیش دەتوانن ئەركەكانی خۆیان جێبەجێبكەن تەنانەت ئەگەر سەربازانی ئەمریكاش بكشێنەوە.

لە بەرامبەریشدا هەندێكی دیكە پێیانوایە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەربازانی ئەمریكا ڕۆڵی كاریگەری هەیە لە سەرلەنوێ سەقامگیربوونی عێراق و، بوونی ئەو هێزانە ئەگەر بە ژمارەیەكی كەمیش بێت، تاڕادەیەك دەبێتە هۆی پاراستنی هاوسەنگیی سیاسی و دڵنیایی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، بەتایبەت لە ناوچەكانی ڕۆژئاوا و باكوور و، ڕێگەدەگرێت لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی گەڕانەوەی داعش یان كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكان لەلایەن گروپەكانی لایەنداری ئێرانەوە، وەك ئەوەی سەرچاوە ئەمریكییەكان ئاماژەی پێدەكەن.

كۆتایی داعش و تەواونەبوونی ئەركەكە
لای خۆیەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان دوپاتیدەكاتەوە كە ئازادبوونی خاكی عێراق و سوریا لە دەست داعش خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگە لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام “ئەركەكانیان هێشتا تەواو نەبووە”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی داعش لە عێراق و سوریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تائێستا سوورە لەسەر لەناوبردنی ئەو دوژمنە، هەوڵەكانیشی دژ بە ڕێكخراوەكە لە عێراق و سوریا و وڵاتانی دیكە درێژەپێدەدات.

جەختیشیدەكاتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان “بەتەواوی پابەندە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و، شكستپێهێنانی هەمیشەیی داعش”.

لەو بەیاننامەیەدا واشنتن ئاماژەش بە ئازایەتی و قوربانیدانی “هێزە ئەمنییەكانی عێراق، پێشمەرگە و هێزەكانی سوریای دیموكرات” دەدات و جەخت لەسەر بەردەوامی كاركردن هاوشانی ئەو هێزانە دەكاتەوە بۆ فشاركردنەسەر پاشماوەكانی داعش.

پاشماوەی چەكداران
هاوكات لەگەڵ دووەمین ساڵەی كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی داعش، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەیەك بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەی پاشماوەی چەكدارانی گروپەكە لە ناوچەكانی پارێزگای موسڵ ئەنجامدا و بەپێی وتەبێژی سەربازیی عێراق بووەتە هۆی لەناوبردنی دەیان مۆڵگەی ڕێكخراوەكە.

س: ئەلعەرەبیە + ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

وەزیری تەندروستیی هەرێم لەبارەی دۆخی كۆرۆناوە هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

بایدن داوای یاسایەك بۆ قەدەغەكردنی چەك دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، بە توركیامان راگەیاندووە رۆژی شەممەی داهاتوو هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی نەوتی…
Total
0
Share