بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوو ڕوداوی جیاوازدا سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە ویستویانە چۆڵی ماڵەکان بقۆزنەوە و دزی بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ئەمڕۆ 21ی ئازار ڕایگەیاند، ” ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە هاوڵاتیان ماڵەكانیان چۆڵ كردوو رویان لەسەیرانگاكان كرد ،بەو مەبەستە و بۆ پاراستنی ماڵی هاوڵاتیان مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەسەرجەم كوچەو كۆلانەكان بڵاوەیان پێكرا و لەدوو ڕوداوی جیادا مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە ویستبویان لەماڵان دزی بكەن “.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی زانیارییان پێگەیشت كە لەگەڕەكی چوارباخ لەشاری سلێمانی دوو تۆمەتبار بەنیازن بچنە ناو ماڵێكەوە و دزییان لێبكەن دەستەبەجێ مەفرەزەكان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دوای هەڵهاتنیان توانرا لەكەمترین ماوەدا هەردوو تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێن و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا كە بە تۆمەتباران بووە “.
پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لەڕوداوێكی تردا لەگەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك لەناو ماڵێكدا لەكاتی دزیكردنەكەیدا دەستگیركرا .
سەرجەم دەستگیراوەکان کوردن و دانیشتووی شاری سلێمانی بوون بە ناوەکانی:
أ ، أ ، ح لەدایكبووی 1982
د،أ ، أ لەدایكبوی 1977
أ ، ح ، ع لەدایكبوی 1992