ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاگرتنی بەشە خۆراكی مانگانەی ژمارەیەك توێژی جیاجیا لە مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە ڕادەگەیەنێت.
بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئازار بڵاوكراوەتەوە، بڕیارەكە ژمارەیەك توێژ دەگرێتەوە و لە مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێت.
بڕیارەكە ئەم توێژانە دەگرێتەوە:
– ئەو كەسانەی هاوسەرگیرییان نەكردووە و داهاتی مانگانەیان لە 1.5 ملیۆن دینار زیاترە.
– بەڵێندەرانی تۆماركراو تا پلەی شەشەم.
– خاوەن كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە فەرمانگەی تۆماری كۆمپانیاكان (بەڕێوبەر بن یان هاوپشك).
– تۆماركراوان لە ژووری بازرگانی تا پلەی دووەم، پیشەسازەكان تا ئاستی سێیەم، یەكێتی خاوەنكاران، سەرەڕای سەندیكای پزیشكان، پزیشكانی ددان و سەندیكای دەرمانسازان.
– ئەو كەسانەی ئەژماری باجیان هەیە كە زیاتربێت لە (18) ملیۆن دیناری ساڵانە.
– ئەوانەی زیاتر لە سێ مانگە لە دەرەوەی عێراقن (بەشێوەی كاتی ڕادەگیرێت تا گەڕانەوەیان دەسەلمێندرێت).
-نیشتەجێبووانی دەرەوەی وڵات.
– ئەو عێراقییانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتی میوانن.
– بەندكراوانی بەندینخانە ناوەندییەكان (تا كاتی ئازادكردنیان) مردووانی ناو بەندینخانەكان، كەسانی سەر بە گروپە تیرۆرستییەكان و هەڵهاتووان لە دادگا.
– عەرەب و بیانی و كۆچبەران جگە لە خێزانە فەڵەستینییەكان.
هەر بەپێی بڕیارەكە وەزارەت و دامودەزگا نەبەستراوەكان بە وەزارەت و پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان پابەندراون بە ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی بازرگانی دەربارەی ئەو فەرمانبەرانەی كۆی موچەیان (ملیۆنێك و 500 هەزار دینار) و زیاترە.