هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا بەوەی سەرۆكی ڕوسیا باجی كارەكانی دەدات، نیگەرانی ئەو وڵاتەی لێكەوتەوە و مۆسكۆ باڵیۆزەكەی لە واشنتن بۆ وتوێژ بانگێشت كردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی چوارشەممە 17ی ئازار ڕایگەیاند، مۆسكۆ ئەناتۆلی ئەنتۆنۆف-ی باڵیۆزی بانگێشت كردوەتەوە “بۆ وتوێژ لەبارەی ئەو هەنگاوەی پێویستە بگیرێتەبەر و ئامانج لە پەیوەندییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا”.
بەپێی بەیاننامەكە مەبەست لە هەنگاوەكە بۆ زامنكردنی تێكنەچوونی پەیوەندییەكانە بۆ ئاستێك كە نەتوانرێت چاكبكرێتەوە.
لای خۆیەوە ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، كاری بنەڕەتی سەبارەت بە ئێمە دیاریكردنی شێوازی چاككردنی پەیوەندییە دژوارەكانی روسیا-ئەمریكایە كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا واشنتن بەرەو ڕێگایەكی داخراوی بردووە.
جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەمیانەی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (ئەی بی سی) كە دوێنێ بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەدا ڤلادیمێر پوتین-ی هاوتا ڕوسیەكەی ڕوبەڕووی سزا دەبێتەوە بەهۆی هەوڵەكانی لە دروستكردنی كاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2020 لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ، باسی لەوەشكرد ئەو هەنگاوەش بەمنزیكانە دێتەدی.
لە وەڵامی پرسیاری بێژەرەكەشدا بەوەی ئایا سەرۆكی ڕوسیا بە “بكوژ” دادەنێت، بایدن وتی، “بەڵێ باوەڕموایە”.
وتەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە پاش بڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكایە كە تیایدا پوتین لە پشت هەوڵەكانی مۆسكۆ بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنی ئەمدواییەی سەرۆكایەتی ئەمریكا تۆمەتباردەكات، لە بەرامبەریشدا ڕوسیا ڕەتیكردەوە و بێ بنەما و ناڕاست ناویبرد.
ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران (دۆما) لە پەرلەمانی ڕوسیا و كەسی نزیك لە پوتین، لە پەیجی خۆیەوە وتەكانی بایدنی بە “هێرش” بۆ سەر ڕوسیا ناوبرد.
ئەوەشی وت، “پوتین سەرۆكمانە و هەر هێرشێك بۆ سەری هێرشە بۆ سەر وڵاتەكەمان”.
س: DW