قوباد تاڵەبانی لە یادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا دەستپێشخەرییەك دەخاتەڕوو

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

ساڵانە لە 16ی ئازاردا، هاوڵاتییانی كوردستان یادی جینۆسایدی گەلی كورد دەكەنەوە، كە لەو ڕۆژەدا بەهۆی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، 5 هەزار كورد شەهید بوون.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت لە ڕاگەیەندراوێكدا بەبۆنەی 16ی 3، یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە نوسیویەتی، “ڕۆژمێری ئێمەی کورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و کارەسات کە هەر جارەی دوژمنێک جەستەی نیشتمانیی ئێمەی خەڵتانی خوێن کردووە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ساڵانە لە هەرکام لەو بۆنە جەرگبڕانەدا هەموو لایەکمان پەیام و ڕاگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەکەینەوە و بە ڕواڵەت یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە”.

سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە ڕۆژی 14ی4 کە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، بەرپرسان و کەسە یەکەمەکانی هەموو حیزبەکان پێکەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆببینەوە

“دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوانە چییان لێ سەوز بووە؟ هەر بە ڕاست ئەم هەموو شەهید و خوێن و برینانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی بە ئاگامان بهێننەوە لەئاست پرس و هێڵە سوورە نیشتمانییەکان تاکو بیانپارێزین؟”، وەك قوباد تاڵەبانی وتویەتی.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “سبەینێ یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە ڕاستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلەکەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە ڕۆژی 14ی4 کە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، بەرپرسان و کەسە یەکەمەکانی هەموو حیزبەکان پێکەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆببینەوە و بەیەکەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و بارزانییەکان و فەیلییەکان و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕێگای رزگاریی کوردستان بکەینەوە و یادەکە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی”.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەشڵێت، “ئەگەر ئەمە بکەین هەم خەیاڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم ڕۆحی شەهیدانمان ئاسودە دەکەین”.

بابەتی پێشتر

ژمارەی پارتە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

میسر.. خلیسكان لەسەر خوێ لەجیاتی سەهۆڵ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share